Screenshot
زاخۆ؛
لە چلەی زستان هیچ مردوویەک بەشەو نانێژرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئیتر لە زاخۆ بە شەوان مردوو نانێژرێت و دەبێت کەسوکاری مردووەکان تا هەڵاتنی خۆر چاوەڕێ بکەن، ئەمە بڕیارێکی نوێی بنکەی رووناکییە بۆ ئەوەی لەم چلەی زستانە و لەناو ئەو شەوە سەخت و ساردانەدا، خەڵک تووشی رووداوی هاتوچۆ و نەخۆشی نەبن، لەمەودوا ئەگەر کەسێک دوای کاتژمێر 10:00ـی شەو کۆچی دوایی بکات، ناچێتە گۆڕستان و لە شوێنێکی گونجاو دەمێنێتەوە تا سپێدەی بەیانی بە ئارامی بە خاک دەسپێردرێت.
حەجی ئەکرەم، سەرپەرشتیاری بنکەی رووناکی بۆ شوشتن و ناشتنی مردووەکان لە زاخۆ، چیرۆکی ئەم بڕیارە بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، مەبەستمان تەنیا پاراستنی گیانی زیندووەکانە، جاری وا هەبووە کەسوکاری مردووەکە لە نیوەشەودا و لە کاتی هاتن بۆ گۆڕستان، تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون یان لەو سەرمایەدا نەخۆش کەوتوون، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکی داد و ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینی، بڕیارمان دا ئەم ئەرکە لەسەر شانی خەڵک سووک بکەین.”
ئەم بڕیارە بۆ هەمیشە نییە و تەنیا تایبەتە بە “چلەی زستان”،حەجی ئەکرەم وای وت، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی ئێستا کەشوهەوا زۆر ساردە و مەترسییەکانی رێگاوبان زیاترن، دوای چلەی زستان دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و هاوڵاتییان دەتوانن وەک پێشتر لە هەر کاتێکی شەو و رۆژدا بێت، تەرمەکانیان بنێژن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر