سەرۆكی نوێی شارەوانیی نیویۆرک سوێندی بە قورئان خوارد.فۆتۆ:AFP
سوێندی بە قورئان خوارد
سەرۆكی نوێی شارەوانیی نیویۆرک دەستبەكار بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
زەهران مەمدانی، سەرۆكی نوێی شارەوانیی شاری نیویۆرک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.1.2026 بە فەرمی سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەكار بوو.
مەمدانی دوای ئەوەی لە مانگی 11ی رابردوو لە هەڵبژاردندا سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ دەستبەكار بوو.
زەهران مەمدانی، كە بە رەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت، یەکەمین سەرۆک شارەوانیی موسڵمانی شاری نیویۆرکە لە مێژوودا و ئەمڕۆش سوێندی یاسایی بە قورئان خوارد لە وێستگەیەکی مێژوویی میترۆ لە مانهاتن.
سوێندخواردنەكەی مەمدانی رێوڕەسمێكی كورتی بۆ كرا و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی نیویۆرک لێتیتیا جەیمس کە ئەویش نەیارێکی دەنگی ترەمپ بوو، ئامادەبوو.
زەهران مەمەدانی كێیە؟
سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی و چالاکوانی سۆسیالیستی بە رەچەڵەک هیندی و موسڵمانە، ئەندامی پارتی دیموکرات و سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکایە، لە ساڵی 2021ەوە نوێنەرایەتی ناوچەی 36ی ئەنجومەنی ویلایەتی نیویۆرک دەکات، کە نوێنەرایەتی ناوچەی کوینز دەکات.
مەمدانی لە شاری کامپالا لە ئۆگەندا لە دایک بووە، باوکی ئەکادیمی مەحموود مەمەدانییە و دایكیشی ناوی میرا نایەرە و دەرهێنەری سینەماییە.
خێزانەکەی لە تەمەنی پێنج ساڵیی ئەودا روویان لە باشووری ئەفریقا کرد، دواتر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا روویان لە ئەمریکا کرد و لە شاری نیویۆرک نیشتەجێ بوون.