"سەرمایەک بوو گۆتمان هەردەمرین"
هیوابڕاو بوون و لەو بڕوایەدا نەبوون بتوانن خۆیان رزگار بکەن
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
دوو لەو هاوڵاتیانەی لە کوێستانەکانی برادۆست لەناو بەفر گیریانخواردبوو، دەڵێن، هیوابڕاو بوون و لەو بڕوایەدا نەبوون بتوانن خۆیان رزگار بکەن.
بێوار غازی یەکێک لەو مەڕدارانەی لە کوێستانەکان لۆلان بێسەروشوێن ببوون، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کە چووینە ئەو شوێنە بەفرێکی کەم دەهات، وتمان هیچ نییە، شەوی یەکەم لەناو کەپرێک ماینەوە کە پێشتر بە عەلاگە دروستمان کردبوو و زۆپایەکی داری تێدابوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە شەوە لەوێ ماونەتەوە تا جەڵەب و مەڕوماڵاتەکەیان بۆ چووە، رۆژی دواتر بەڕێكەوتوون و وردە وردە بەفر زیادیکردووە، تا ئەوەی کە زیاتر بڕیان نەکردووە و ماونەتەوە.
“شەوی دواییمان زۆر بەسەختی بەڕێکرد، باوەڕکە سەرمایەک بوو، گۆتمان هەر دەمرین”، بێوار غازی وای وت.
پووشۆ ئیسماعیلیش یەکێکی دیکەیە لەو هاوڵاتیانە و دەڵێت، “کەوتبووینە وەزعێکەوە نە دەمانتوانی بەرەو پێش بڕۆین، نە بگەڕێینەوە، بەڵام بۆ مانەوەی ژیانمان دەبوو هەر بۆ پێشەوە بڕۆین”.
ئەو هاوڵاتیانە دەڵێن، بە رەحمی خودا و هەوڵ و ماندووبوونی خەڵکی ناوچەکە رزگاریان بووە و ئەمڕۆ وەک ئەوە وایە، تازە لەدایکبوونەتەوە، هێند خۆشحاڵن.
دوو شەو و رۆژ بوو ژمارەیەک هاوڵاتی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێستانەکانی لۆلان لە دەڤەری برادۆست لەناو بەفر گیریانخواردبوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29.12.2025 دۆزرانەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری