جامی کەنداو کولتووری شەمەندەفەری گەڕاندەوە
لە دوو مانگدا 41 هەزار کەس لەنێوان بەغدا و بەسرا شەمەندەفەریان بەکارهێناوە
964+
فەهمی نەبی
جامی کەنداو لەگەڵ خۆیدا کولتووری بەکارهێنانی شەمەندەفەری لە عێراق زیندوو کردەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقیش دەڵێت: لە دوو مانگدا زیاتر لە 41 هەزار کەس شەمەندەفەریان بەکارهێناوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیەنێت لە دوو مانگی رابردوودا 41 هەزار 748 هاوڵاتی هێڵی شەمەندەفەری بەسرا -بەغدای بەکارهێناوە کە تێکڕای رۆژانەی دەکاتە 695 کەس.
ئەو شەمەندەفەرەی لەو هێڵە نەفەر دەگوازێتەوە، لە جۆری DMUی بەریتانییە، 160 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەبڕێت.
گواستنەوەی خەڵک بەو رێژەیە لە کاتێکدایە، جامی کەنداوی 25 لە رۆژانی 6 تاوەکو 19ـی کانونی دووەمی رابردوو لە پارێزگای بەسرا ئەنجامدرا، وا دەردەکەوێت بەو هۆیەوە جموجۆڵی گواستنەوەی ئەو هێڵی شەمەندەفەرە چالاک بووبێت.
رۆژانە 695 کەس بە شەمەندەفەرەکە هاتوچۆیان لەنێوان بەغدا و بەسرا کردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 6.3.2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماری دوو مانگی رابردووی بەکارهێنانی هێڵی شەمەندەفەرەکەی بڵاوکردەوە.
ئەندازیار یونس خالید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری نێوان بەغدا – بەسرا، کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە دەڵێت: لە پێناو سەلامەتی گەیاندنی سەرنشینانمان سیستمی GPS بەکاردەهێنین.
نرخی بلیتی گواستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان بەغدا -بەسرا، بۆ هەر سەرنشینێک 10 هەزار دینارە، نرخی ژوورێک لەنێو شەمەندەفەرەکە 25 هەزار دینارە.
هێڵی شەمەندەفەری DMUی نێوان پارێزگای بەغدا و بەسرا، بەهەریەکە لەشارەکانی حلە، دیوانیە، سەماوە و ناسریە تێپەڕدەبێت.