غەرامە دەکرێت و مۆڵەتەکەشی لێ وەردەگیرێتەوە
هەر شۆفێرێک بەسەرخۆشی بکەوێتە سەر رێگای کەرکوک – بەغدا، دەستبەسەر دەکرێت
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
هەر شۆفێرێک بە سەرخۆشی بکەوێتە سەر رێگای کەرکوک – بەغدا، بە 500 هەزار دینار غەرامە دەکرێت، هەر ئەوەش نا، زیندانیی دەکرێت و مۆڵەتەکەشی لێ وەردەگیرێتەوە.
چەند رۆژێکە لەلایەن هاتوچۆ دەرەکییەکانی سەر رێگای کەرکوک – بەغدا و بازگەی کاتی لە باشووری خورماتوو دانراوە، ئیشی ئەوان ئەوەیە کە بە ئامێری تایبەت، بۆنی دەمی شۆفێران وەردەگرن و هەر شۆفێرێک مەشروبی خواردبێتەوە، یان ماددەی هۆشبەری کێشابێ، بەئاسانی لێیان دەرباز نابێت.
موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرکییەکان بە 964ـی وت، “دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتییەوە ئەو ئامێرەمان بۆ دابینکرا، بە ئامانجی پشکنینی ئەو شۆفێرانەی کە ماددە کحولییەکان دەخۆنەوە یان ماددە هۆشبەرەکان دەکێشێن”.
“بەشێک لەشۆفێران بەسەرخۆشی و لەژێر کاریگەری ماددە کحوڵی و هۆشبەرەکان دەکەونە جادەوە و ژیانی خۆیان و هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە، دەمانەوێ رێگە لەو دیاردەیە بگرین”، موئەیەد عەباس وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر شۆفێرێک ئەو ماددانەی بەکاهێنابێت، بەبڕی 500 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێت، جگە لەوەش، بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت و مۆڵەتی شۆفێرییەکەشی لێ وەردەگیرێتەوە، لەدوێنێوە زیاتر لە 10 شۆفێر سزا دراون و هەڵمەتەکەشیان بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری