شەوەئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە هەولێر بەردەوامن
مام عەوڵا و نونو منداڵانیان خەنی كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شەوە ئاهەنگەكانی هەولێر بەبۆنەی سەری ساڵی نوێیەوە درێژەیان هەیە، كە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرپەرشتی دەكات، شەوی رابردووش گۆرانی و موزیك و دابەشكردنی خەڵات بەسەر منداڵان گەرم بوو.
لە بەردەم قەڵای هەولێر بەبۆنەی سەری ساڵەوە فێستیڤاڵێكی گەورە رێكخراوە و لە ئێوارەی 20ی ئەم مانگەوە دەستیپێكردووە و تا شەوی سەری ساڵ بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان بەخۆیان و خانەوادەكانیان لە كەشێكی خۆشی ئاهەنگئامێزدا بوون، هەرچەندە جەوەكەی سارد بوو، نمەبارانیش هەبوو، بەڵام ئاهەنگ بەردەوام بوو، چەند هونەرمەندێك بە گۆرانی و موزیك ستەیجی ئاهەنگ و دەوروبەری قەڵا و چایخانەی مەچكۆیان گەرم كردبوو، لەولاشەوە مام عەوڵا “هونەرمەند سەڵاح محەمەد” و نونو “هونەرمەند نەوزاد حاجی شووشە” منداڵانیان دڵخۆش كرد، هێندەی دیاری و خەڵاتیان بەسەردا دابەش بكەن و چەند ئۆپەرێت و تابلۆیەكی هونەریی منداڵانیان پێشكەش كرد.
90 كۆشك و كەپری بچووك، كە خواردن و خواردنەوە و كاری دەستی و بەرهەمی خۆماڵی و شتی جۆراوجۆری تێدا دەفرۆشرێت، لە دەوروبەری پاركی شار تا شەقامی باتا درێژبوونەتەوە و ئیتر شەوان هاوڵاتیان و گەشتیاران جەوێكی خۆشی لێ بەسەردەبەن.
پێشتر سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كارزان عەبدولهادی بە 964ی راگەیاندبوو، كە فێستیڤاڵ و ئاهەنگەكان تا بەرەبەیانی سەری ساڵی نوێ بەردەوام دەبن و ئامانجیان ئەوەیە كەشێكی خۆش لە هەولێر دروست بكەن و هەلی كاریش بۆ ژمارەیەكی زۆری كاسبكاران دابین بكەن و جووڵەیەك بخەنە شارەوە.