دیمەنێک لە کاروانێکی حاجیانی کوردستان - فۆتۆ: 964
ئاسمان داخرابوو
ئەو حاجییانەی بە وشکانی گەڕانەوە قەرەبوو دەکرێنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سێ هەزار حاجی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی رابردوو بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەجیان کردبوو، بە بڕیاری دەستەی باڵای حەجی عێراق بە رێگەی وشکانی گەڕێندرانەوە و بڕیاردرا قەرەبوو بکرێنەوە.
ئەو حاجییانە بەهۆی داخستنی کایەی ئاسمانی وڵاتی عێراق نەیانتوانی بەئاسمانی بێنەوە، ئەوکات شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بوو.
کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، ساڵی رابردوو سێ هەزار حاجی لە هەرێمی کوردستان کە بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەجیان ئەنجام دابوو، بەهۆی بڕیارێکی دەستەی باڵای حەجی عێراق، ناچار بوون بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە هەرێم، دەستەی باڵای حەجی عێراق بڕیاری داوە ئەو حاجیانە قەرەبوو بکرێنەوە.
ستونی لەبارەی قەبارەی قەرەبووەکە وتی، چەندین جار لەو بارەیەوە لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراق گفتوگۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی فەرمی وەرنەگیراوەتەوە، هەر بڕیارێکی نوێ لەمبارەیەوە بدرێت، هاوڵاتییانی لێی ئاگادار دەکرێتەوە.
بەگوێرەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی، ئەوکات بڕیاربوو لە دوو رۆژدا گەشتی گەڕانەوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر و دواتر سلێمانی ئەنجام بدرێ، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی ئاسمانی عێراق، سەرجەم ئەو گەشتانەی هەڵوەشاندەوە و ئەنجام نەدران.
کاروان ستونی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی راگەیاندن لە حەج ئەوکات وتی، ئەوان هەماهەنگی لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی بژاردەیەکی دیکە تاوتوێ بکەن، تا حاجیان بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.