ئەنجامە خراپەكانی نەورۆز بەردەوامن

هەولێر پلەی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرنادات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر پارێزگاری لە پلەی یەكەمی ریزبەندی كرد و خاڵێكی لە یانەی دیالە وەرگرت.

لە گەڕی هەشتەمی خولەكەدا ئەم ئێوارەیەی دووشەممە 22.12.2025 لە یاریگەی دیالە، یانەی هەولێر بە گۆڵێك لەگەڵ یانەی دیالە یەكسان بوو.

گێمی یەكەم بۆ دیالە بوو بە گۆڵێك، كە یاریزان ئەیاد عەبد فەرحان لە خولەكی هەشت تۆماری كرد.

لە گێمی دووەم هەولێر لە رێگەی شیرزود تیمرۆڤی ئۆزبەكی و بە لێدانی پەناڵتی، لە خولەكی 68 ئەنجامەكەی راستكردەوە، دوای ئەوەی مستەفا قابیل لە ناو هێڵی سزا بە توندی لێیدرا و خەریك بوو دیسان تووشی پێكان ببێتەوە.

دواتر یارییەكە توندوتیژی تێكەوت و عەلا رەعد یاریزانی هەولێر بە كارتی سوور دەركرا، هەولێر بە 10 یاریزان یارییەكەی تەواو كرد.

لە خولەكی 88 ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ دیالە هەژمار كرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ سیستمی ڤار، بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش راهێنەر و یاریزانانی دیالە و جەماوەری یانەكەشی توڕە كرد، هەر ئەمەش وایكرد راهێنەری دیالە، یامن زولفانیی تونسی بە كارتی سوور دەربكرێ.

هەروەها ئەندامێكی تیمی راهێنانی یانەی هەولێریش بە هەمان شێوە دەركرا و باسم قاسمی راهێنەری هەولێریش كارتی زەردی وەرگرت و یارییەكەش بە 1-1 گۆڵ تەواو بوو.

هەولێر بە 20 خاڵ پێشەنگی خولەكەی گرتووە و بە ئاسانی بەرینادات، دیالەش 16 خاڵی هەیە و بە شێوەیەكی كاتی لە پلەی سێیەمە.

نەورۆز تووشی شكست بوو

هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراقدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا لە سلێمانی، بە ئەنجامی 0-1 گۆڵ بە یانەی ئەمانەی بەغدا دۆڕا.

نەورۆز خراپترین بارودۆخی لەم وەرزە تێدەپەڕێنێت و لە كۆی هەشت یاریدا حەوتی دۆڕاندووە.

هەولێر

هەولێر "گەرمە"ی سارد كردەوە و پلەی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی گرت