بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی
پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران لە هەرێمی کوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه
964+
فەرهاد حەسەن
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی، پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران لە هەرێمی کوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه و داواکراوە لەماوەی 20 رۆژدا خشته‌ی پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاماده بكرێت.
964 لە وەزارەتی داراییەوە پشتڕاستی کردەوە کە نوسراوەکە ئەمڕۆ 22.12.2025 بە واژۆی ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی دەرچووە و ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ته‌كانی كردوه داوای کردووە ئەم خشتەیە‌ی بۆ ئاماده بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی نوسراوەکە، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ماف و شایسته داراییه‌كانی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی راژه‌ی سه‌ربازی و شارستانی له داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2026 بفه‌رمون به پڕكردنه‌وه‌ی خشته‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه تاوه‌كو شایسته داراییه‌كان دیاری بكرێن.
روونیشکراوەتەوە، ئامانج له‌و خشته‌یه بۆ ئه‌وه‌یه كه ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بكرێت و پێویستیشه له رۆژی ده‌رچونی نوسراوه‌كه‌وه (واته ئه‌مڕۆ تاوه‌كو 20 رۆژ بۆمان ره‌وانه بكه‌ن)، به‌بێ دواكه‌وتن و به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رپرسیار ده‌بن.
له نوسراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی داوای کردووە وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه پێویسته به‌هه‌مان خشته‌ی راژه‌ی سه‌ربازی و شارستانی به‌خشته‌ی جیا بۆمان ره‌وانه بكه‌ن.
بەپێی ئەم رێنماییه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری بۆ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پلە بەرزکردنەوە و سەره‌موچەی فەرمانبەران ده‌ستپێبكاته‌وه كه زیاتر له 11 ساڵه راگیراوه.