بەغدا بە ئازایەتییەوە باسی دەكات

19 هەزار سەگی بێلانە قەتلوعام كران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکایەتی شارەوانیی بەغدا بڵاویكردەوە، لە چەند هەڵمەتێكدا ئەمساڵ زیاتر لە 19 هەزار سەگی بێلانەیان لەناوبردووە.

شارەوانیی بەغدا بە ئازایەتییەوە باس لەو قەتلوعامەی سەگە بێلانە و برسییەكان دەكەن و ئەمڕۆ دووشەممە 22.12.2025 ئامارێكیان بڵاوكردووەتەوە، سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە لە پایتەختی عێراق.

ئەوان باسی ئەوە دەكەن، بەڕێوەبەرایەتییە شارەوانییەکان لە 1.1.2025 ت 30.11.2025، هەزار و 562 هەڵمەتیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا 19 هەزار و 386 سەگی بێلایەنەیان لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا لەناوبردووە.

وتەبێژی شارەوانیی بەغدا عودەی جەندیل بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، “شارەوانی لە رێگەی سەرجەم بەشەکانی شارەوانییەوە، بە هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەشی ڤێتێرنەری، بەردەوامە لەو ئۆپەراسیۆنانە”.

دەشڵێت، “شارەوانی تەقەمەنی پێویستی بۆ هەڵمەتەکان دابینکردووە و کڕیویەتی، هاوکات پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە کراوە بۆ راسپاردنی نیشانەچی تایبەتمەند (سەگكوژ)، هەروەها پەیوەندی بە بەشی ڤێتێرنەریەوە کراوە بۆ دڵنیابوون لە بوونی نوێنەر لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا”.

جەختیشی لەوە کردەوە، “بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگە و پاشماوەكان لە سەرجەم بەشەکانی شارەوانی بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی نزیکەی رۆژانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیادبوونی ژمارەی سەگی بێلانە”.

شارەوانیی بەغدا وەك ئەوەی زبڵ و خاشاك كۆبكەنەوە، باسی ئەوەش دەكەنة “پرۆسەکە بە رێکاری تەندروستی و ژینگەیی پەیڕەو دەکرێت، کە تێیدا سەگی مردوو لادەبرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنە زبڵدانییە تەندروستە دیاریکراوەکان لە ناوچەكانی نەباعی و نەهرەوان بنێژرێن”.

لە هەرێمی كوردستان لە جیاتی كوشتنی سەگە بێلانەكان، لە چەند شەڵتەرێكدا كۆدەكرێنەوە، بە تایبەتی لە شارە گەورەكان، ئەگەرچی شەڵتەرەكانیش جێی ناڕەزایی چالاكوانانی ئاژەڵدۆستن، بەڵام بیروڕاكە وایە باشترە لەوەی بكوژێن و بێبەزەییانە فیشەكیان پێوەبنرێت.

ئاژەڵدۆستێک بووە فریادڕەسی سەگە بێلانەکان؛ لە لافاوەک...

ئاژەڵدۆستێک بووە فریادڕەسی سەگە بێلانەکان؛ لە لافاوەکەی چەمچەماڵ