"وەبەرهێنێک زەوییەکانی داگیرکردوون"

دوای 21 ساڵ دانیشتوانی گوندی گەرمکی تەقتەق گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دوای 21 ساڵ لە داگیرکردنی زەوییەکانیان دانیشتوانی گوندی گەرمکی تەقتەق خۆیان و تراکتۆر و تۆوی گەنمەکانیان چوونەوە سەر زەوییەکانیان و دەستیان بە کێڵان کردەوە.

دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، نە قەرەبووی زەویەکانمان پێدراوە نە زەوییەکانیشمان بۆ گەڕایەوە، بۆیە خۆمان دێینەوە سەر زەوییەکانمان.

دانیشتوانی گوندی گەرمگی قەزای تەقتەق بە 964ـیان وت، “لەسەردەمی بەعس زەوییەکانمان دران بە وەبەرهێنەر و لەسەر رووبەری 500 دۆنم، چەند کێڵگەیەکی پەلەوەری تێدا دروستکرا و دوای پڕۆسەی ئازادی زەوییەکانمان بۆ گەڕایەوە و لەگەڵ کێڵگە پەلەوەریەکانیش رێکەوتین، کە ئەوان کاری خۆیان بکەن و ئێمەش زەوییەکانی خۆمان بەکاردێنین، دوای ئەوەی کردمان بە باخ و سەوزەوات، دووبارە ساڵی 2004 بەزەبری هێز لەسەر باخەکانمان دەریانکردین و تەنیا 400 دۆلارمان پێدرا وەک قەرەبووی ئەو سەوزەواتەی ئەو ساڵە کردبوومان، بڕیاربوو لە باشترین شوێنی کۆیە زەویمان پێبدەن، بەڵام تا ئێستاش نە قەرەبوومان وەرگرت نە زەویەکانیان بۆ گەڕاندینەوە”.

ئاماژە بەوەش دەکەن، زەوییەکانیان نزیکەی چوار هەزار دۆنمە، ئێستاش تەنیا داوایان کردووە زەوییەکانیان پێبدەنەوە با کێڵگە پەلەوەرییەکان کاری خۆیان بکەن، بەڵام خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان کەسێکی سەرمایەدار و دەست رۆیشتووە و قسەی ئەو دەیخوا و گوێ لە ئەوان ناگیرێت، بۆیەش ئەوان هاتوون بەزۆر زەوییەکانی خۆیان وەرگرنەوە و دەستیان بە کێڵانی کردووە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە 964 پەیوەندی کرد بە قایمقامی قەزای تەقتەق و سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە و سەرپەرشتیاری کێڵگە پەلەوەرییەکانیش ئامادەنەبوو لەسەر ئەم بابەتە هیچ بڵێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی