لە 100 لێبخوڕە
لەو نزیكانە دەكرێتەوە؛ جووتساید هەولێر- گۆمەسپان تەواو بوو
964+
وریا فەتاح
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە کە كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان تەواو بوەو، لەئێستادا سەرقاڵی هێڵكاری و چەند وردەكارییەكی ترن لە پڕۆژەكە و سەرەتای ساڵی نوێ دەكرێتەوە.
رێگەكە 16 كیلۆمەتر درێژە، پانیی هەر لاینێكی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە، پڕۆژەكە سێ چینی قیركردنی هەیە و بە هەرسێكیان دەبێتە قیرتاوێك.
وەک ئەوەى بڵاوکراوەتەوە، لەو رێگەیە خێرایی لێخوڕین 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێك دەبێت و لەگەڵ رێگەی گۆمەسپان- سماقووڵی پێکەوە دەبەسترێنەوە.
ئاشکراشى کردووە، دەست كراوە بە شۆردنی رێگەكە و ئامادەكاری بۆ هێڵکاریكردن، تەنیا كارێك مابێت تەواوكردنی دەروازەی هەولێر و بەشێك لە پردەكەی چوارڕیانی گۆمەسپانە كە پێشبینی دەكرێت ئەو بەشەیان لە 10 بۆ 15 رۆژی تەواو بكرێت.
دوسایدەکە لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا دوو هەزار كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 100%ی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە و یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر.