"200 دەفتەر دۆلار زیانمان پێگەیشتووە"
کارگەکەی هەولێر بووەتە خۆڵەمێش و هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ئەو کارگەیەکی شەوی رابردوو لە هەولێر سووتا، هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و بووەتە خۆڵەمێش، خاوەنی کارگەکەش دەڵێ، نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.
کۆگایەکی دروستکردنی قەنەفە لەسەر رێگای گەزنە ئاگری گرتووە
دەورووبەری کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو کارگەیەکی دروستکردنی قەنەفە و مۆبلیات لە لەسەر رێگای گەزنە لە هەولێر ئاگریگرت و یەک تەختە داریشی تێدا دەرنەچووە.
کارگەکە دوو قات بوو و هەردوو قاتەکە ئامێر و تەختەی دروستکردنی مۆبیلیات و قەنەفەی تێدابوو، ئەحمەد تەها خاوەنی کارگەکە بە 964ـی وت، “تائێستاش نازانین هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە، هیچمان بۆ دەرنەچووە، بیناکە بەتەواوەتی داڕماوە و هەمووی بووەتە خۆڵەمێش”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ئامێرەکانیان، کارگەکەیان پڕبووە لە مۆبیلیات و قەنەفەی تەواوکراو کە دانرابوون بۆ سەری ساڵ بفرۆشرێن، هەموویان سووتاون و مەزەندە دەکەن زیانە مادییەکانیان بگاتە دوو ملیۆن دۆلار.
وەک خاوەنی کارگە باسی دەکات، بۆ دروستکردنەوەی بیناکەیان، پێویستیان بە زیاتر لە 30 دەفتەر دۆلارە، ئەمە جیا لە ئامێر و پێداویستییەکانی تر کە بۆ ئیشکردن لە کارگەکە پێویستیانە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری