نیشانەکانی نەخۆشییەکە - وێنە: لە دکتۆر پشدەر عەبدوڵا وەرگیراوە
نیشانەکانی بزانە
بۆ ڤایرۆسی دەست و دەم و پێی منداڵ، دابەزاندنی تا و پاراسیتامۆڵ هەنگاوی یەکەمە
964+
ئەحمەد مستەفا
نەخۆشی دەست و دەم و پێ، کە دەرکەوتنی نیشانەی سوور و زیپکەیە لەسەر ئەندامەکانی جەستە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی باوە کە زیاتر لە وەرزەکانی ھاوین و پایز بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان منداڵانی تەمەن خوار پێنج ساڵ.
نەخۆشخانەکانی منداڵان ئەم رۆژانە، ئەو نەخۆشییانەی بەخۆیەوە بینوە چونکە ڤایرپۆسییە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ دەرمانێکی تایبەت “وەک دژەبەکتریا” بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵکو تەنیا نیشانەکانی چارەسەر دەکرێن.
بەڵام ئەو دەڵێ، دابەزاندنی تا و بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ یان پڕۆفین “بەپێی رێنمایی پزیشک” هەنگاوی سەرەتایە، وە خواردنەوەی شلەمەنی زۆر گرنگە منداڵەکە ئاو و شەربەت بخواتەوە بۆ ئەوەی جەستەی وشک نەبێتەوە.
بۆ ئەوەی منداڵەکانیش لەیەکەوە تووش نەبن، باشترە تا چارەسەربوونی، یەکدی نەبینن، چونکە ڤایرۆسەکە سروشتی وایە، لە رێگەی کۆکە، پژمین و دەست لێدانەوە دەگوازرێتەوە.
ئەمەی خوارەوە کورتەیەکی زانیارییە گرنگەکانە دەربارەی ئەم نەخۆشییە:
1. نیشانە سەرەکییەکان
نیشانەکان زۆربەی کات 3 بۆ 6 ڕۆژ دوای تووشبوون دەردەکەون:
• تا: زۆرجار بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەست پێ دەکات.
• برینی دەم: پەڵەی سوور یان بڵقی بچووک لەناو دەم، سەر زمان و پووک کە دەبێتە هۆی ئازار لە کاتی قووتدانی خواردن.
• پەڵەی پێست: دەرکەوتنی پەڵەی سووری بێ خورۆشت یان بڵقی ورد لەسەر لەپی دەست، بنی پێ، و هەندێکجار لەسەر سمتی منداڵەکە.
• کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن: بەهۆی ئازاری ناو دەمەوە منداڵەکە ناتوانێت بەباشی شت بخوات.
2. هۆکار و گواستنەوە
ئەم نەخۆشییە بەهۆی جۆرە ڤایرۆسێکەوەیە (زۆربەی کات ڤایرۆسی کۆکساکی) و زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە لەڕێگەی:
• کۆکە و پژمین.
• دەست لێدان لەو بڵقانەی لەسەر جەستەی تووشبووەکە هەیە.
• بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو (وەک پەرداخ و کەوچک).
3. چارەسەر و دەرمان
تا ئێستا هیچ دەرمانێکی تایبەت (وەک دژەبەکتریا) بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵکو تەنها نیشانەکانی چارەسەر دەکرێن:
• دابەزاندنی تا: بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ یان پڕۆفین (بەپێی ڕێنمایی پزیشک).
• خواردنەوەی شلەمەنی: زۆر گرنگە منداڵەکە ئاو و شەربەتی سارد بخواتەوە بۆ ئەوەی جەستەی وشک نەبێتەوە.
• خواردنی نەرم: پێدانی ماست، جێڵاو، و شۆربای شلەتێن کە ئازاری دەمی زیاد نەکەن.
• دوورکەوتنەوە لە ترشەمەنی: پڕتەقاڵ و لیمۆ و خواردنی توند ئازاری ناو دەمی زیاتر دەکەن.