ئەگەر نەچن دوای سەری ساڵ موچەکانیان رادەگیرێت
کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی بانک بکەن بۆ وەرگرتنی فۆڕمی هەژماری من
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی شەهیدان، لەرێگەی نووسراوێکەوە ئاگادارییەکی بەپەلەی بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بڵاوکردووەتەوە، ک پێویستە لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا کارتی بانکی بکەن و بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی هەڵەبجەش دەڵێت “ئەگەر نەچن دوای سەری ساڵ موچەکانیان رادەگیرێت”.
نووسراوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان، ئاڕاستەی تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە و کەسوکاری شەهیدان (سەنگەر، هاوڵاتی، کیمیاباران)، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی، دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجە، ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە دەکات کە موچە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرن و تاوەکو ئێستا پرۆسەی (هەژماری من)یان ئەنجام نەداوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە ساڵی داهاتووەوە سیستەمی دابەشکردنی موچە دەگۆڕێت و تەنیا لە رێگەی هەژماری بانکییەوە موچە دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەڵەبجە دەشڵێت، هەرکەسێک کەمتەرخەمی بکات لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە ئەگەری دواکەوتن یان ڕاگرتنی مووچەکەی لە ساڵی نوێدا.