"فرۆشتنی كاڵاكان بە خۆڵ و زبڵ دروست نییە"
لە هەرێمی کوردستان فەتوا لەبارەی كەلوپەلی گەڕاوەی “ئەمازۆن” درا
964+
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان فەتوای لەبارەی كەلوپەلی گەڕاوەی “ئەمازۆن” دەرکرد و دەشڵێت “فرۆشتنی كاڵاكان بە خۆڵ و زبڵ لەرێگەی ئۆنڵاینەوە دروست نییە”.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە هاوڵاتیان و بازرگانان پرسیاریان كرد سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنی كەلوپەلی گەڕاوەی ئەمازۆن لە جۆرەكانی: ئەلیكترۆنی، میكس، و پۆستەی گەڕاوەی (DHL)، ئەنجومەن لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لە بەرواری 9.12.2025 دوای ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەو بازرگانانە دانیشت و روونكردنەوەی پێویستیان دا بە ئەنجومەن سەبارەت بە جۆر و شێوازەكانی ئەم مامەڵەیە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانیانی سەبارەت بەو بابەتە دایەوە:
– پێویستە ئەو كۆمپانیایەی كە ئەو كاڵایانە لە دەرەوەی وڵات و سەرچاوەی یەكەم دەكڕێت ئەو كاڵایانە ببینێت و مەعلوم بێت لەلای، پێش ئەوەی بخرێتە ناو كارتۆن و كۆنتێنەرەكانەوە، ئەگەر یەكە یەكەش لە كاڵاكان نەبینێت، بەڵام هەندێكی ببینێت كە ئەو هەندە بەڵگە بن لەسەر باقییەكەی، یان قائمە و لیستی هەموو ئەو كاڵایانەی دەیكڕێت ببینێت و هەندێكیش بە دیاری كراوی ببینێت.
– لە كاتی فرۆشتنەوەی ئەو كاڵایانە پێویستە ئەگەر ئەو كاڵایانە لەناو كارتۆندا بوون كارتۆنەكان بكرێنەوە و كڕیار بەتەواوی لای مەعلوم بێت چی دەكڕێت و ئەگەر كاڵایەكیش لەناو كارتۆنەكە داپۆشراو بوو نادیار بوو پێویستە بكرێتەوە.
ئەنجومەنی فەتوا دەڵێت: ئەگەر دەركەوت ئەو شتەی كڕیارەكە كڕیویەتی عەیبدارە، یان ئەو كاڵایە نییە كە لەسەری رێككەوتوون، یان عادییەو بە ئەصلی پێیان فرۆشتووە، یان صینییە و بە یابانی یان ئەوروپی پێیان فرۆشتووە..هتد ئەوە پێویستە لێی وەربگیرێتەوە، ئەگەر لێی وەرنەگرێتەوە ئەوە گوناهبار دەبێت و رزقەكەی حەرامەو كارەكەی دەچێتە خانەی غەش و فێڵەوه.
– نابێت كۆمپانیا ئەو كاڵایانە بفرۆشێت كە كاڵای حەرامن و بەكارهێنانیان نادروستە و پێویستە ئەو كارتۆنانەی كە دەیشكێنن و پیشانی كڕیاری دەدەن ئەو جۆرە كاڵایانەی نادروستن لێیان دەربهێنن و ئەگەر بەرچاویان نەكەوت یان كڕیار تەماشای یەكە یەكەی كاڵاكانی نەكرد، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی و خێرا روانییە كاڵاكانی ناو كارتۆنەكە ئەوا پێویستە ئەو مەرجە دابنێن كە ئەو كاڵا حەرامانە داخیلی مامەڵە و فرۆشتنەكە نین و پێویستە بگەڕێنرێنەوە.
– لە حاڵەتێكدا كە كڕیارەكە نەیتوانی یەكە یەكەی كارتۆنەكان تەماشا بكات، پێویستە مافی پەشیمان بوونەوەی هەبێت لە دوای شكاندنی كارتۆنەكان ئەگەر ئەو مەرج و داڕشتانەی تیادا نەبوو كه ڕێككەوتبوون لەسەری.
– ئەگەر ئەم كاڵایانە لە رێگەی ئۆنلاین و بەرنامەكانی وەك تیكتۆك دەفرۆشران، پێویستە بە تەواوی ئەو كاڵایە عەرز بكات و مواصەفاتەكانی بەیان بكات ئینجا بیفرۆشێت، وە مەرجی پەشیمان بوونەوەش هەبێت لە كاتی بینینی كڕیار بۆ كاڵاكە، واتە: ئەگەر بەم ریگەیە فرۆشتی كڕیارەكەی بۆی هەیە كاتێك كەبینی پەشیمان بێتەوە ئەگەر وەك ئەو وێنەیە دەرنەچوو كە فرۆشیار عەرزی كردبوو، وە بە هیچ شێوەیەك دروست نییە كاڵاكان لە كارتۆنی داخراودا عەرز بكات و بە گۆترە بیفرۆشێت، چونكە ئەوە دەبێتە فرۆشتنی كاڵای نادیار(بیع الغرر) پێغەمبەر ئازیزیشمان ڕێگری كردووە لەو كارە.
– دروستە بەو مەرجەی پێشوو ئەو كاڵایانە بە شێوەی مەزاد لە رێگەی تیكتۆك و بەرنامەكانی ئینتەرنێت بفرۆشرێت بەو مەرجەش كە (نجش)ی تیادا نەبێت واتە بە فێڵ نرخەكەی لەسەر فرۆشیار زیاد نەكەن بۆ نمونە كەسێك یان چەند كەسێكی خۆیان دابنێن بە فێڵ نرخی زیاتر لە كۆمێنت بنوسن، بە مەبەستی ئەوەی كڕیاری راستەقینە نرخێكی زیاتر بە كاڵایەكە بدات، هەروەها پێویستە بیفرۆشێت ئەو كەسەی كە یەكەمجار كۆمێنت دەنوسێت.
– نابێت ئەم كاڵایانە بگۆڕدرێت بە یەكتری، چونكە نرخ و كواڵتییەكانیان جیاوازە، واتە: بۆ نمونە دروست نییە (میكس) بگۆردرێت بە (ئەمازۆن)، یان بە (DHL)، وەك ئەوەی هەندێ بازرگان ئەم كارە دەكەن، دەچن كارتۆنەكانی (میكس) دەشكێنن و كاڵاكانی دەخەن ناو كارتۆنی (ئەمازۆن) و لەزگەی (ئەمازۆنی) لێ دەدەن، چونكە ئەوەش جۆرێكە لە غەش و خیانەت لەبەر ئەوەی ئەو كاڵایانەی دەخرێنە ناو هەر كارتۆنێكی دیكە نرخ و كواڵتییەكانیان جیاوازە لە كارتۆنەكەی دیكە، ڕەنگە كڕیارەكان لە كاتی كڕین هەستی پێ نەكات.
– بابەتی فرۆشتنی كاڵاكان بە خۆڵ و زبڵ، یان وەك ئەوەی پێی دەڵێن فەحم لە رێگەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ دروست نییە، چونكە لە شەریعەتدا پێویستە هەر كاڵایەك فرۆشیارەكە زانی عەیبێكی تیادایە روونی بكاتەوە.