شاحینەیەکی گواستنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ناو هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە. وێنە: 964
لە وەزارەتی ناوخۆوە
رێنمایی نوێ بۆ هاوردەی ئۆتۆمبێل و ئامێرە کشتوکاڵییەکان دەرکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێنمایی نوێی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی 2026ـەوە کارپێکردنیان دەستپێدەکات، وە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژێرئاو کەوتوون، سووتاون، یان زیان بەر شاسی و بزوێنەریان کەوتووە قەدەغە کرد.
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، مەرجی سەرەکی بۆ هاوردەکردنی هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک، بوونی بڕوانامەی دڵنیایی جۆری (COC) و پابەندبوونە بە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی، لەم رێنماییانەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان سیستمی رێگری لە خلیسکانیان (ABS) هەبێت و کاتژمێری کارکردنیان دەستکاری نەکرابێت.
هەروەها، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان خاوەن کیسەی هەوا (Airbag) بن بۆ شۆفێر و سەرنشین، بە شێوەیەک کە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە دوو کیسە کەمتر بێت.
هاوكات لە رووی ژینگەییەوە، وەزارەتی ناوخۆ مەرجی داناوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکان سیستمی (Catalytic Converter)یان هەبێت بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان، سەبارەت بە تەمەنی ئۆتۆمبێلەکان، رێنماییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەبێت مۆدێلی 2025 بن یان تەنیا 2 ساڵ کۆنتر بن لە مۆدێلی ساڵ، لە کاتێکدا بۆ ئامێرە کشتوکاڵییەکان و ئامێرەکانی بیناسازی، تەمەنی ڕێپێدراو لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ دیاری کراوە.
هەروەها وەزارەتەکە هۆشداری توندی داوە سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و بە (Salvage) ناسراون، هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژێرئاو کەوتوون، سووتاون، یان زیان بەر شەسی و بزوێنەریان کەوتووە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێگەیان پێدەدرێت کە زیانی سووکیان هەیە و کاریگەری لەسەر توندوتۆڵی و سەلامەتی گشتی شۆفێر دروست ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا، باس لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و هایبریدەکان (FCEV) کراوە، کە پێویستە هەمان مەرجی سەلامەتی و وردبینی تەکنیکییان تێدا بێت، هەروەها رێگری دەکرێت لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ مەبەستی تاقیگە یان کارگەی چاککردنەوە دروستکراون و ناونیشانی (For Junk)یان لەسەرە.
ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی 1.1.2026 وە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پێیانەوە پابەند دەبن.
دەقی رێنماییەکان؛