لافاو مین و تەقەمەنی لە دەربەندیخان و بەردەقارەمان دەرخست – وێنە؛ دەزگای گشتی کاروباری مین
تیمەکانی مینلابەر هەڵیانگرتنەوە
لافاو مین و تەقەمەنی لە دەربەندیخان و بەردەقارەمان دەرخست
964+
شۆڕش قادری
لە دەربەندیخان و بەردەقارەمان لافاو مین و گولـلە هاوەن و گولـلە ئاڕ پی جییەکی دەرخست، تیمەکانی مینلابەر چوونەسەریان و هەڵیانگرتنەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17.12.2025 چەند هاوڵاتییەکی ناحیەی سیروان تەلەفۆنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەڵەبجە کردووە و پێیانڕاگەیاندوون کە مینێک لە جۆری VS-50 لە کەناری دەریاچەی دەربەندیخان دەرکەوتووە، دەستبەجێ تیمێکیان چووەتە شوێنە، مینەکەیان پوچەڵکردووەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنی تایبەت، تا لە داهاتوودا لەناوببرێت.
هەر ئەمڕۆ لەلایەن یاریدەدەرێتیی ئاسایشی شارەدێی بەردەقارەمانەوە پەیوەندی بە ژمارە (182)ـی دەزگای گشتی کاروباری مینەوە کراوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە لە هەبوونی یەک گولە هاوەنی 60 ملم و گولـلە ئاڕ پی جییەک، کە بەهۆی لافاو و راماڵینی زەوییەوە دەرکەتبوون.
دواتر تیمێکی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی چوونەتە شوێنەکە، پاشماوە جەنگییەکانیان هەڵگرتووەتەوە و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو.
دەزگای گشتی کاروباری مین جارێکیتر هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە، لە ئێستادا بەهۆی باران و لافاوەوە، مەترسی راماڵینی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی و دەرکەوتنیان لە نزیک کێڵگەمینەکان لەئارادایە، بۆیە لە هەر شوێنێک مین و تەقەمەنیتان بەرچاوکەوت، دەستکاری مەکەن، لێی دوور بکەونەوە و هەرزوو پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (182)ـەوە بکەن.