لە فڕێدانی بوکەڵەوە بۆ باشترین هاندەر
وهزارهتی رۆشنبیری هەرێم پیرۆزبایی لە هاندهرانی زاخۆ کرد
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، هاندەرانی زاخۆ بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە سەر ئاستی جیهان وەک باشترین هاندەری ساڵی 2025 ، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی زاخۆ و هاندەرانی یانەکە و سەرجەم وەرزشوانان و هاندەرانی وەرزشی لە کوردستان دەکات.
وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە “فیفا” ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ ڕاگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكانیان كەوتنەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەم خەڵاتە ببەنەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 08:00 بە کاتی هەولێر، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی زەبێست بە ئامادەبوونی نزیکەی 800 کەس لە هۆڵی فایرمۆنت کاتارا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە بچێت، باشترینەكان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان خەڵات دەكرێن، بەڵام فیفا پێش ڕێورەسمەكە براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی ئاشكرا كرد، كە تێیدا هاندەرانی زاخۆ بە زۆرترین دەنگ بوونە براوەی خەڵاتەكە. لە ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری زاخۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی دەکات و لە لایەن سەرۆكی فیفا پیرۆزبایی لێ دەكرێت.
هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رۆژی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هەزاران بوکەڵەیان فرێدایە ناو یاریگا، هەر ئەمەش وایکرد فیفا ئەو هەڵوێستەی هاندەرانی یانەکە بەرز بنرخێنێت و بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر بکرێن.