دوو تانکەر پێکیاندادا و شۆفێرێکیان گیانی لەدەستدا
یەکەم رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی روویدا
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
یەکەم رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی روویدا، دوو تانکەر پێکیاندادا و یەکێک لە شۆفێری تانکەرەکان گیانی لەدەستدا.
دوو هەفتەیە بەشێکی شەقامی 100 مەتری سلێمانی کراوەتەوە، کەمێک لەمەوبەر دوو تانکەر لەسەر شەقامەکە بەرانی خۆیان کێشا بەیەکدا، پەیامنێری 964 بەسەر رووداوەکەدا کەوتووە و دەڵێ، “یەکێک لە تانکەرەکان سووتەمەنی پێبووە خۆی کێشاوە بە تانکەرێکی دیکەدا کە سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامەکە بووە، جگە لەوەی زیانی زۆر بە تانکەرەکان گەیشتووە، دەوترێ شۆفێرێکیشیان گیانی لەدەستداوە و لەناو سەیارەکەی گیریخواردووە”.
دوای هەوڵێکی زۆر تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تەرمی شۆفێرەکەیان دەرهێنایەوە کە گیری خواردبوو.
شۆفێرەکە لەدایکبووی ساڵی 2001ە و دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵە.
رۆژی 2.12.2025 هەردوو سایدی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کرایەوە، ئەگەرچی پڕۆژەکە بەتەواوی تەواو نەبووە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی خراوەتە خزمەت شۆفێرانەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆرش قادری