بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ، وێنە :964
هاتوچۆی چەمچەماڵ بۆ شۆفێران:
تا پێتان دەکرێ رێگەی چەمچەماڵ – سەنگاو بەکارمەهێنن
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ هۆشداری دەداتە شۆفێران، بەهۆی ئەو زیانانەی لە لافاوەکەی هەفتەی رابردوو بە رێگەکانی گەیاندووە، تا بۆیان دەکرێت رێگەی چەمچەماڵ بۆ سەنگاو بەکارنەهێنن و ئەگەر ناچاریش بوون زۆر بە وریايیەوە شۆفێری بکەن.
شێرزاد محەمەد، لە راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “رێگەکە خۆی پێشتر خراپ بوو، بەڵام لافاوەکە دۆخەکەی خراپتر کردووە، ئێستا چاڵی زۆر لە قەراغ و ناوەڕاستی شەقامەکە دروستبوون و ئاویان تێدا کۆبووەتەوە، بۆیە شۆفێریکردن تێیدا سەلامەت نییە و مەترسیی رووداوی هاتوچۆی هەیە”.
بەهۆی شەپۆلی باران و لافاوەکەی رۆژی سێشەممە 9.12.2025، زۆرترین زیان بەر سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش کەوت، کە تێیدا دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی لە ناوچەکانی دیکەی وەک کەرکوک، دۆڵی باڵیسان و شارەزوور لافاو و هەورەبرووسکە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.