"خوێناوی بوو"
پەیامنێرانی بێسنوور: ئەمساڵ 67 رۆژنامەنووس کوژراون
964+
فەرهاد حەسەن
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، ساڵی 2025 خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەنووسان، چونکە 67 کەسیان کوژراون و 135 رۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن.
کاتێک دادگای وڵاتی جەزائیر سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی بەناوی کریستۆف گلیزدا سەپاند کە گوایە هانی تیرۆری داوە، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووریش هاتەدەنگ ئەمساڵی بە ساڵێکی خوێناوی و مەترسیدار بۆ رۆژنامەنووسان وەسفکرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، لاماوەی ئەمساڵدا 503 رۆژنامەنووس لە 47 وڵاتی جیهان زیندانی کراون 121 لە چین، 48 لە روسیا و 47 لە بۆرما پلەی یەکەم تا سێیەمیان گرتووە، 135 رۆژنامەنوسیش بێسەروشوێنن، هەندێکیان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە چارەنوسیان نادیارە و ژمارەیەکیشیان 30 ساڵە بێسەروشوێنن، زۆرینەیان لە سوریا و یەمەنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ساڵی 2023 زۆرترین رۆژنامەنووس کوژراون کە بەرزترین رێژە بووە لە 20 ساڵی رابردوودا و ژمارەکە گەیشتبووە 49 کەس، بەهۆی روداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و شەڕی حەماس و ئیسرائیل ساڵی 2024 ژمارەکە بۆ 66 کەس زیادیکرد، ساڵی 2025 ژمارەی پێوانەیی شکاند و گەیشتە 67 رۆژنامەنووس.
بەڕێوەبەری نوسینی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ئان بوکاندییە، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی رقە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و نەبوونی لێپرسینەوەیە.
داوایکردووە، رۆژنامەنووسانیش وەک هاوڵاتیان سڤیل پارێزراوبن لە ناوچەکانی ململانێ، سوپای ئیسرائیلیش تۆمەتبار دەکات بەوەی “بە ئەنقەست رۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج.”
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، ئەمساڵ خوێناوی بووە بۆ رۆژنامەنووسانی مەکسیک و 9 رۆژنامەنووس کوژراون، لە ئۆکرانیا، سێ رۆژنامەنووس کوژراون کە یەکێکیان رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی بوو، لە سودان چوار رۆژنامەنووس کوژراون.