رووسیە سپییەکە شوێنی گرتووەتەوە
جۆی کوردی لەبازاڕدا نەماوە نرخی 300 هەزار چوەتە سەرەوە
964+
بڕوا مەجید_ شارەزوور
لەبەشێک لەفرۆشیارەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی چەند جۆرێک جۆ هەیە ئەوانیش جۆی سپی و ڕەشە، جۆی ڕەشی کوردی لەبازاڕدا نەماوە و نرخەکەی زیادی کردووە، لەبەرامبەریشدا جۆرە جۆیێکی رووسی شوێنی گرتووەتەوە.
وەرزێر نەجمەدین، خاوەنی کۆگایەکی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە لە شارەزوور، بۆ964 وتی ” ئەمساڵ خواست لەسەر بەرهەمی جۆی ڕەشی کوردی زۆرە، نرخەکەی بە بەراورد بە ساڵی پار زۆر زیادیکردووە و بگرە دەستیش ناکەوێت.
وتیشی “ساڵی پار جۆی ڕەش تۆنی بە 550 هەزار بوو، ئێستا 900 بۆ 950 هەزار دینارە و لەکڕین نایەت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بەرهەمی جۆی ڕووسی سپی هەیە کە ئەو نرخەکەی جێگیرە وەک ساڵی پار وایە، کە بۆ هەر تۆنێک 400 بۆ 450 هەزارە بەپێی جوانی بەرهەمەکەیە.
بە قسەی وەرزێڕ، جۆی ڕەشی کوردی تەنیا لە ناوچە گەرمەکانی کوردستان و بەتایبەتیش گەرمیان دەڕوێت، ساڵی پار بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵی، جوتیارانی ناوچەی گەرمیان نەیانتوانی بەرهەمەکەیان بدورنەوە، بۆیە جۆی ڕەش بەرهەم نەهات و قەیرانی نەبوونی ئەم جۆیە کوردییە لەسەرجەم ناوچەکان سەری هەڵداوە، دەشڵێت “جۆی ڕەش بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بەکاردێت و جوتیاران سوودی لێدەبینن بۆ قەڵەوکردنی ئاژەڵەکانیان و هەندێکیان بۆ تۆویش بەکاری دێنن”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن