"گومانمکرد بوومەلەرزە بێت"
مامۆستایەک باسی کاتی رزگارکردنی 260 قوتابی لە لافاوەکەی تەکیە دەکات
964+
ئەحمەد محەمەد – چەمچەماڵ
لە رۆژی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش، ئاو چووە ناو قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکیە، ئەگەر ئازایەتی و بوێری مامۆستاکان نەبوایە، 260 قوتابی ئەو قوتابخانەیە ژیانیان دەکەوتە مەترسییەوە.
مامۆستا یوسف عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە باسی ساتی رزگاکردنی قوتابییەکانی بۆ 964 کرد و دەڵێت، “ئاوێکی زۆر لە پشتی دیواری قوتابخانەکەمان پەنگی خواردبووەوە، بەهۆی فشاری ئاوەکە دیوارەکە رووخا و ئیدی ئاو داخلی ناو قوتابخانەکە و هەموو پۆلەکان بوو”.
‘دەنگێکی گەورە هات، یەکێک لە قوتابییەکان وتی مامۆستا بەرمیلی سەربان کەوتەخوارەوە، منیش بۆ ئەوەی نەترسن وتم نا، هەورەبروسکە بوو، بەڵام بەڕاستی گومانمکرد، بوومەلەرزە بێت”، مامۆستا یوسف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا منداڵەکانیان خستووتەسەر رەحلەکان و دواتر خەڵکی گەڕەک و تیمەکانی بەرگری شارستانی تەکیە بەهانایانەوە چوون و هەموویان رزگاریان بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری