پاشماوەی لافاو - وێنە: 964
هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماری راگەیاند
لافاوەکە؛ چووە ناو 500 ماڵ و 100 دوکان و دەیان ئۆتۆمبێلی برد
964+
ئەحمەد مستەفا
لە 48 کاتژمێری رابردوودا، زیانە ماددییەكانی لافاو ژیانی گیانی و ماددی بە چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکوک گەیاندووە زیانی بە 500 ماڵ، ژێرئاوكەوتنی زیاتر لە 100 دوكان و كۆگا، و ڕاماڵینی دەیان ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان دەڵێ، شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و بەفر لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا بووەتە هۆی زیانی گیانی و مادی زۆر لە شار و شارۆچکەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە سلێمانی، گەرمیان و کەرکوک.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دواین ئاماری زیانەكانی شەپۆلی باران و لافاوەكەی ئەم دواییەی بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێك، شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و بەفر لە ماوەی 48کاتژمێری ڕابردوودا شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بەجۆرێك لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و کەرکوک زیانی گیانی و مادی زۆری لێكەوتووەتەوە و سێ كەس گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەت دوای بارانبارینێكی بەلێزمە لە ڕۆژی سێشەممەدا كە بڕەكەی گەیشتووەتە 122.7 ملم.
لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە، بڕی بارانبارین گەیشتووەتە 173.5ملم، ئەمەش بووەتە هۆی لافاوێكی گەورە.
لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ، دوو كەس گیانیان لەدەستداوە، 12 كەس برینداربوون و كەسێكیش بێسەروشوێنە.
زیانە ماددییەكان بریتیین لە زیانگەیاندن بە 500 ماڵ، ژێرئاوكەوتنی زیاتر لە 100 دوكان و كۆگا، و ڕاماڵینی دەیان ئۆتۆمبێل.
لە پارێزگای کەرکوک، 30.4 ملم باران باریوە و منداڵێكی تەمەن 7 ساڵ لە گوندی فرقانی ناحیەی لەیلان گیانی لەدەستداوە.
هەروەها، پردێكی ستراتیژی لە قەزای داقوق داڕماوە، كە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی سەرەكی نێوان کەرکوک و بەغدا.
لە ئیدارەی گەرمیان، لافاو بووەتە هۆی پچڕانی ڕێگەی نێوان کەلار-ڕزگاری و داڕمانی پردی نێوان کفری-ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا.
لە پارێزگای هەولێر، شەش ماڵ لە گوندی قەریەتاغ ئاویان تێچووە و شەش پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بەهۆی هەورەبروسکەوە برینداربوون.
لە ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان، بەفرێكی زۆر باریوە و لە دەروازەکانی زێت و حاجی ئۆمەران ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.