92.5 ملم باران باریوە

هەڵەبجە لەو شەپۆلەی بارانباریندا سەلامەتە

+964

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، و لە چەند شار و ناوچەیەک زیانی گیانی و ماددی بە خەڵک گەیاند، بەڵام لە سەنتەی پارێزگای هەڵەبجە و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری بێ زیان و بە سەلامەت لە شەپۆلەکە دەرچوون.

فەرحان عیزەت، وتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ی وت :” مانگێک زیاترە ئامادەکاری تەواومان بۆ رووبەروو بوونەوەی هەر ئەگەرێکی لافاو و باران بارین کردووە،  لە ماوەی رابردووشدا ئاوەڕۆی سندووقی بۆ زۆر شوێن درووستکراوە، کە ئەمەش هۆکارێکی گرنگ و کاریگەر بوو، بۆ ئەوەی لافاو دروست نەبێت، هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو روونەدات”.

بە وتەی وتەبێژەکەی شارەوانی، شەوی رابردوو هەتا نزیکی بەرەبەیان تیمەکان لەناو هەڵەبجەدا بوون، لە هەر شوێنێک پەنگخواردنەوەی ئاو، یان مەترسی دروستبوونی لافاو هەبووبێت، تیمەکان بە خێرایی گەیشتوونەتە ئەو شوێنانە، باراناوەکانیان پاککردووەتەوە و بەربەستیان دروست کردووە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لافاو.

روونیشیکردەوە: “تەنیا یەک دوو ماڵ کەمێک ئاویان تێچووە، بەڵام زیانێکی ئەوتۆ نەگەیشتووەتە ماڵەکان، بە گشتی لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری لەم شەپۆلی بارانەی ئەم چەند رۆژەدا، زیانی گیانی و ماددیان بەرنەکەوتووە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجەش لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ناوەندی پارێزگاکە 92.5 ملم باران باریوە، کە کۆی گشتیی ئەمساڵ دەکاتە 224.3 ملم.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بارانەکەی نەرم بوو بەڵام پۆندەکانیش هەولێر لە لافاو دە...

بارانەکەی نەرم بوو بەڵام پۆندەکانیش هەولێر لە لافاو دەپارێزن