"بارانی بەهێز بەڕێوەیە"
لە گەرمیان باری لەناکاو راگەیەنرا؛ ھاتوچۆی نێوان شارەکان راگیرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەهۆی بارانی بەخۆڕ و مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر رێگاکان، ئیدارەی گەرمیان باری لەناکاوی راگەیاند و هاتوچۆی نێوان شارەکانی راگرت.
چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت،”قسەمان لەگەڵ شارەزایانی کەشناسی کردووە و پێیانڕاگەیاندووین کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلی بارانبارینەکە لە گەرمیان بەهێز دەبێت، بۆیە لەبەر سەلامەتی شۆفێران و هاوڵاتیان بڕیارمانداوە بە داخستنی رێگای نێوان شارەکان”.
“لە بازگەکانەوە رێگا بە ھاتوچۆی شۆفێران نادرێت بڕۆنە دەرەوەی شارەکان، تەنیا ئەو حاڵەتانەی کە پێویستن و نەخۆشیان ھەبێت، رێگایان پێدەدرێت”، چۆمان ئەحمەد وای وت.
ئاماژی بەوەشکرد، ئەگەر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخەکە ئاساییبووەوە و شەپۆلی بارانبارینەکە لاواز بوو، رێگاکان دەکرێنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری