لە سنووری خەلیفان
بۆ گەڕان بەدوای ئاسەواردا خەریکە دارێکی 200 ساڵە وشک دەبێت
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە گوندی جۆلەمێرگی قەزای خەلیفان، ژێر داری گۆڕستانێکی کۆنی گوندەکە هەڵدراوەتەوە بە مەبەستی گەڕان بە دوای ئاسەواردا، بەهۆی بڕنی رەگی پێرە دارە تەمەن 200 ساڵەکەشەوە خەریکە وشک دەبێت.
محەمەد جۆلەمێرگی، خەڵکی گوندەکەیە و بۆ 964 وتی، ئەمە یەکەم جار نییە لە گوندەکەیان کاری لەم شێوەیە دەکرێت، داوا دەکەین لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون بکات و ئەوانە بدۆزێتەوە کە کارەکەیان کردووە.
وتیشی، بەپێی ئەو شتانەی لە دوای خۆیان جێیان هێشتووە، تەنها کەسێک نەبووە کە کارەکەی کردوە، ئێمەش دوێنێ ئێوارە بە کارەکەمان زانیوە.
لەسەر ئەو بابەتە، مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە 964ـی وت، ”ئاگاداری بابەتەکە نەبوون، بەڵام بە زوترین کات هێزە ئەمنیەکان رادەسپێرن بۆ بەدواداچونی ئەو بابەتە و دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە کارەکەیان کردوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی