چی روویداوە؟
دوای 40 ساڵ مەترسییەكانی چێرنۆبڵ سەرهەڵدەداتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دیواری كۆنتڕۆڵكردنی وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ لە ئۆكرانیا زیانی بەركەوتوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، پێویستی بە چاككردنەوە هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە رێکخراوی چاودێری ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، دەڵێت، دیواری ئاسنینەكەی کۆنتڕۆڵکردنی شوێنی کارەساتی ئەتۆمیی چێرنۆبیل لە ئۆکرانیا، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردوودا بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیا زیانێکی زۆری پێگەیشت، كەڵكی نەماوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پشکنینی هەفتەی رابردوو بۆ پێکهاتەی دیوارە پۆڵاییەنەكەی وێستگەكە، کە لە ساڵی 2019 تەواو بووە، دەرکەوتووە کە کاریگەریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە مانگی شوباتدا بووەتە هۆی تێکچوونێكی بەرچاو.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەیاننامەیەکدا كە رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، “ئەنجامی پشکنین پشتڕاستی کردووەتەوە کە پێکهاتەی کۆنتڕۆڵکردن ئەرکە سەلامەتییە گرنگەکانی لەدەستداوە، لەوانەش تواناکانی کۆنتڕۆڵکردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ زیانێکی هەمیشەیی بە پێکهاتە بارهەڵگرەکانی یان سیستمی چاودێریکردنی نەبووە”.
گرۆسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر چاکسازییەکان ئەنجامدراون، “بەڵام هێشتا نۆژەنکردنەوەی گشتگیر پێویستە بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتر و دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەتۆمیی درێژخایەن”.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە 14.2.2025دا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر وێستگەکە کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە و زیان بە رووپۆشی پارێزەری وێستگەكە کەوتووە، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاندووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە رووسییە، مۆسکۆش رەتیدەکاتەوە هێرشی كردبێتە سەر وێستگەکە.
کارەساتی چێرنۆبڵ
کارەساتێکی گەورە بوو، كە 26.4.1986 لە وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە شاری پریپیاتی ئوکراینا روویدا، كە بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکان لە مێژووی دادەنرێت و وێستگەكە بەهۆی فشارەكانی سەر تەقییەوە، بەھۆیەوە تەنۆچکەی تیشکدەر بەسەر چەندین بەشی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، رۆژهەڵاتی ئەوروپا، وڵاتانی سکاندەناڤیا، بەریتانیا و رۆژھەڵاتی ئەمریكا، بەشێکی گەورەی ئوکرانیا، بیلاڕووس و رووسیا بە خراپی پیسبوون. ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی نزیکەی 350 هەزار كەس بگوازرێنەوە ناوچەی دیكە، وێستگەكە داخرا و ئێستاش بە رووپۆشێكی ئاسنین داپۆشراوە و ناوچەكانی دەوروبەریشی چۆڵن.