مافی مرۆڤ چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکات
گۆڕستانە شێوێندراوەکەی هەرمۆتە کامێرای چاودێری بۆ دادەندرێت
964+
فەرهاد حەسەن
ئەمڕۆ توێژە جیاوازەکانی کۆیە سەردانی گۆڕستانە شێوێندراوەکەی هەرمۆتەیان کرد گوڵیان لەسەر ئەو گۆڕانە دانا کە شێوێندرابوون، قایمقامیش دەڵێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە کامێرای چاودێریشی بۆ دادەندرێت.
دوێنێ 4.12.2025 لەلایەن کەسانی نەناسراو نزیکەی 15 گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە شێوێنران.
تاریق جەلال، قایمقامی کۆیە لە وتەیەکدا لەسەر گۆڕستانەکە وتی جگە لەوەی لێکۆڵینەوە لە شێواندنی گۆڕەکان بەردەوامە هەمانکات لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی گۆرستانەکە بە شێوەیەکە رێکوپێک دەپارێزرێت.
وتیشی “کامێرای چاودێری لە گۆڕستانەکە جێگیر دەکرێت بۆ پارێزگاریکردنی بۆ ئەوەی لە داهاتوو ئەم جۆرە کارانە دووبارە نەبنەوە”.
لایخۆشییەوە مونا ياقۆ، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە هەڵدانەوەى گۆڕى كریستیانەکان لە هەرموتە، کارێکی بەربەریانەیە و پێشێلکردنى شکۆی مردووەکان و هەستی بنەماڵەکانیانە، و بە ئاشکرا دژایەتی بەها ئەخلاقی و ئینسانییەکان دەکات.
داواشی کرد رێوشوێنی یاسایی پێویست بگیرێتەبەر، بەتایبەتی کە ئەم کارە بەپێی یاسای هەموارکراوی عێراق تاوانە.
نووسینگەی مافی مرۆڤی قەزای کۆیەش لە راگەیەندراوێکدا داوایان کردووە بەدواداچوونی جدی و بە پەلە بکرێت و بکەرانی ئەم کارە ترسنۆکانەیە دەستنیشان بکەن و دواتر رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
دەشڵێت “لەنزیکەوە چاودێری لێکۆلینەوەکان دەکەین و بەردەوام دەبین لەبەدواداچوەنەکان”.