دەیەوێت سیمای شار سەوز بکاتەوە

شارەوانیی رانیە دارە وشکبووەکان هەڵدەکەنێت

964+

ژێوار خدر

بەشی باخچەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی رانیە، دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ هەڵکەندن و لابردنی سەرجەم ئەو دارانەی لە ماوەی رابردوودا وشکبوون یان نەخۆشی لێی داون، لە شوێنەکەشیاندا نەمامی نوێ دەچێنێت.

شارەوانی رانیە دەڵێت، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵمەتەوە، کە چەند رۆژێک دەخایەنێت، رووبەڕووی دیاردەی وشکبوونی دارەکان ببێتەوە و ئەو جۆرە دارانە لە شەقام و باخچەکاندا بچێنێت کە بەرگەی کەشوهەوای ناوچەکە دەگرن، تا وەک دارەکانی پێشوو بە ئاسانی تووشی نەخۆشی و وشکبوون نەبنەوە.

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە شەپۆلێکی وشکبوون رووی لە دار و سەوزاییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین کردووە، بە جۆرێک تەنیا لە دارستانە دەستکردەکاندا زیاتر لە شەش هەزار دار وشک بوون، شارەزایانی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەمە بۆ وشکەساڵی، کەمئاوی و بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەک لەنێو دارەکاندا دەگەڕێننەوە، کە چارەسەرەکەی تەنیا بڕینەوەی دارەکانە.

نزیکەی چوار هەزار داری دارستانەکەی رانیە وشکبوون

نزیکەی چوار هەزار داری دارستانەکەی رانیە وشکبوون