نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە خورماتووەوە دوورە
پەیامنێری 964 لەنزیک ئەو شوێنەیە کە لەوێوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
پەیامنێری 964 چووەتە نزیک چیای هەنجیرە لە سنووری رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو کە بەپێی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئەمنییەکانی عێراق، لەوێوە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ.
وەک باسی دەکات، ئەو شوێنە نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە قەزای خورماتوو و زیاتر لە 40 کیلۆمەتریش لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە دوورە، شوێنەکەش لە ئێستادا بۆشایی ئەمنییە لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزە عێراقییەکان.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و شەوی رابردوو و لەهەمان سەعاتدا نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی راگەیاند کە لەسەر هێرشەکە کراون و ئاشکرایکرد، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، داوایش کراوە، وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری