یارییەکانی هونەری بەرگری لە شیلادزێ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە
964+
هێژین فەتاح – دهۆک
دوای ئەوەی خۆی فێری هونەرەکانی بەرگری کرد، ئێستا لە هۆڵێکدا رۆژانە 130 گەنجی شیلادزێ فێری هونەرەکە دەکات.
کاروان میکائیل، راهێنەری تایکواندۆ و بەرگری کەسایەتی چەند ساڵێکە بێ هێج پشتگیرییەکی دارایی لە ناحیەی شیلادزێ سەر بە پارێزگای دهۆک، هۆڵێکی کردۆتەوە و گەنجانی دەڤەرەکە فێری هونەرەکانی بەرگری لەش دەکات.
هەر گەنجانی شیلادزێ نا، بەڵکو گەنجانی هەردوو ناحیەی دێرەلووک و بالندا کە نزیکن لێیەوە، بۆ وەرگرتنی مەشق روویان لە هۆڵەکە کردووە.
کاروان میکائیل، وەک خۆی ساڵی 2014 بۆ 2018 دوو بڕوانامەی نێودەڵەتی و ناوخۆی لە هونەرەکانی بەرگری بەدەستهێناوە و شارەزایە لە هونەری یارییەکانی کارتێ، کیمبۆکسینگ، شتوکان، کیوکوشن و سێرک.
لە 2018 دوای بەدەستهێنانی دوو بڕوانامەکە، هەر لە شیلادزێ هۆڵێکی کردۆتەوە و تاوەکو پارساڵیش رۆژانە 130 بۆ 150 گەنج و هەرزەکاری ناوچەکە روویان لەو هۆڵە وەرزشییە کردووە بۆ فێربوونی هونەرەکانی بەرگری.
کاروان میکائیل قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: تاوەکو 2022 ئێمە لەو هۆڵە گەنجانمان فێری یارییەکە کردووە، بەڵام ئێستا داخراوە و ئەمەش زیانێکی گەورە بە بونیادی ئەو وەرزشە لە شیلادزێ دەدات، بۆیە داوای هاوکاری لەلایەنە پەیوەندارەکان دەکەم.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق