یەکەمجارە ئەو کارە بۆ قوتابخانە حکومییەکان دەکرێت
(تەختەی زیرەک) گەیشتە پەروەردەی رواندز و لە قوتابخانەیەک جێگیر کرا
964+
فەرهاد حەسەن
بۆ یەکەمجار قوتابخانە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن تەختەی زیرەک (سمارت بۆرد)و نموونەی ئەم تەختانەش گەیشتنە پەروەردەی رواندز و لە قوتابخانەیەکی ئەم قەزایە جێگیرکران.
ماوەیەک لەمەوبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قۆناغی یەکەم بە بەهای 430 ملیۆن دینار 200 تەختەی زیرەکى بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانە حکومیەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، زاخۆ، سۆران و راپەرین و خوێندنی کوردی لە کەرکوک دابینکرد.
پەروەردەی رواندز دەڵێت، تەختە زیرەکەکانیان پێگەیشتوون بەسەر قوتابخانەیەکە سنوورەکەیان دابەشکردووە بەناوی قوتابخانەی ئارموشه، ژمارەی تەختەکان پێنج دانەیە، مامۆستایانی بازنەی یەکەمی ئەو قوتابخانەیەش خولی تایبەتیان بینیوە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تەختەی زیرەک.
ئاماژە بەوەشدەکات، بەمەبەستی گرنگی دانی زیاتر بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ قوتابییان و راهاتنیان لەسەر تەکنەلۆژیای نوێ و بەکارهێنانی لەوانەکانی خوێندن، ئەم تەختەیە بەکاردەهێندرێت.