جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت

سبەی كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكرێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتە بەغدا، چاوەڕوان دەكرێت سبەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بگاتە هەولێر و كونسڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر بكاتەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 1.12.2025 مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ كاروباری كارگێڕی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، هەفتەیەک پێشتر رێکخستنەکانی هاتنی بۆ عێراق ئەنجامدراوە، کە کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا لە خۆدەگرێت.

سەردانەکەی ریگاس پێش گەیشتنی مارک ساڤایای نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە عێراق.

هاوكات چاوەڕوان دەكرێت سبەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان، باڵەخانە نوێیەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 25.11.2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەكەی لە هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان

لە 6.7.2018 بەردی بناغەی بینای نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دانرا، کە دەکەوێتە سەر رێگای هاوینەهەواری پیرمام، کۆی رووبەرەکەی 206 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، کۆمپانیای ئەمریکی EYP دروستی كردووە، پێشبینیش دەکرێت نزیکەی هەزار کەس لە بوارە جیاوازەکاندا دابمەزرێنێت.

بینا نوێیەکە سیستەمی زیرەکی پێشکەوتوو بۆ پاککردنەوە و بەکارهێنانەوەی ئاوی پیس و وزەی خۆر و پاک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و سیستەمی ئاسایش و پاراستنی ژێرزەوی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی تێدا دەبێت.

کونسوڵخانە نوێیەکە لە چەندین بینا و ئۆفیس پێکدێت، هەروەها شوێنێکی سەوزایی گەورە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، بەمەش دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا.

ئێستا عێراق شانازی بە دوو نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمریکاوە دەکات: گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کە بە مەزەندە 440 هەزار مەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە، هەروەها کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان لە هەولێر.

کۆمپلێکسی نوێی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کە 50 دۆنم دەگرێتەوە، گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکایە لە جیهاندا، پڕۆژەکە بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و نیگەرانییە ئەمنییەکان و دەستکاریکردن لە بازنەی کارەکانیدا، رووبەڕووی چەندین دواکەوتن بووەتەوە.

بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی HigherGov کە تایبەتە بە بەدواداچوونی گرێبەستەکانی حکومەتی ئەمریکا، گرێبەستی سەرەتایی بۆ کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی نوێ لە هەولێر بەهای نزیکەی 509.4 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر کە بینا دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و سیستەمی ئەمنی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت، ئەمەش تێچووی گشتیی بەرزی ئەم گەورەترین کۆمپلێکسە دیپلۆماسییە لە جۆری خۆی لە جیهاندا روون دەکاتەوە.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر خەرجییەکانی لێ گیرایەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر خەرجییەکانی لێ گیرایەوە