هاوڵاتیان لە ناو گوندەکە نەماون
ورد و درشتى دۆخى گوندى لاجان
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
دانیشتوانى گوندى لاجان بە دوورى دوو کیلۆمەتر لە گوندەکەیان، هاتوونەتە سەر رێگەى رێگەى گوێر و داوا دەکەن هێزە ئەمنییەکان لە گوندەکەیان بکشێنەوە و دەستگیرکراوەکانیان ئازاد بکرێن.
دۆخەکە چییە؟
ئەمڕۆ، دوانیوەڕۆ دانیشتوانى گوندى لاجان لە گوندەکەیان هاتنە دەرەوە و هێزە ئەمنییەکانیش چوونە ناو گوندەکە.
بەوتەى وتەبێژى پۆلیسى هەولێر، هێزەکانیان بۆ ئەوە لەوێن تا دۆخى ناوچەکە بپارێزن و دەشیانەوێت دەست بەسەر چەکى بێ مۆڵەتدا بگرن و ئەو کەسانەى داواکراون خۆیان رادەست بکەن.
رزگار خانۆ، دانیشتووى گوندى لاجان بەم شێوەیە بۆ 964 قسەى کرد،”دواى رووداوەکان، شەش کەس لە گوندەکەمان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داواکرابوون رادەستکران، بەڵام لیستێکى تریان هێناوە و داواى دەستگیرکردنى ژمارەیەک خەڵکى تر دەکەن”.
وەک باسى دەکات، هێزە ئەمنییەکان گوندەکەیان بە دانیشتوانەکەى چۆڵ نەکردووە، بەڵکو دانیشتوانى گوندەکە وەک فشارێک بۆ ئازادکردنى دەستگیرکراوەکان و کشانەوەى هێزە ئەمنییەکان گردبوونەتەوە.
بەوتەى رزگار خانۆ،”ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بکشێنەوە زۆربەى گرفتەکان چارەسەر دەبن، لانیکەم گرژى دروست نابێت و خەڵک دەچتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى”.
لەبارەى رادەستکردنى چەکەکانیانەوە، ئەو هاوڵاتییە وتى،” ژمارەیەک چەک رادەستکراون، بەڵام خەڵکى گوند ژمارەیان زۆرە و زۆربەیان ئەندامى هێزە ئەمنییەکانن، رازیکردنیان بە رادەستکردنى چەک قورسە، چونکە پێویستە لەسەرتاسەرى کوردستان چەک رادەست بکرێت نەک بەتەنیا گوندێک”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح