زیاتر لە 20 هەزار كەسیان لە بەغدا بووە
ئەمساڵ عێراق زیاتر لە 35 هەزار کەسی بیانی دیپۆرت كردووەتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دیپۆرتكردنەوەی زیاتر لە 35 هەزار کەسی بیانی ئاشکرا کرد و دەڵێت بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە یاسای مانەوە (ئیقامە) یانە لە عێراق.
عەنید عەلا حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری نیشتەجێبون لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 35 هەزار و 652 کەس بەهۆی سەرپێچی لە یاسای مانەوە (ئیقامە) لە عێراق دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی چڕکردنەوەی هەڵمەتە ئەمنییەکان بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، ژمارەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە زۆر زیادی کردوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و 618 کەس و لە مانگی تشرینی دووەمیش تاوەکو ئێستا هەزار و 265 کەس دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
لەو بیانیانەی دیپۆرتكراونەتەوە، 20 هەزار و 33 كەسیان لە بەغدای پایتەخت بوونە و 15 هەزار و 620 كەسەكەی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بووە.
ئاماژەی بەشکردووە، ئەو هەنگاوەی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتهكهدایه بۆ پێداچونەوە بەمافی نیشتەجێبون و کارکردنی هاوڵاتیانی بیانی و جێبەجێکردنی یاساکانی مانەوە لە وڵاتدا، کە لە ماوەی رابردودا چەندین هەڵمەتی هاوشێوە ئەنجامدراون.