" پڕۆژه‌ی سیاسه‌تی كولتوری دەوڵەمەند بکەن"
وەزیری رۆشنبیری بانگه‌وازێک ئاراسته‌ی رۆشنبیران و ناوه‌نده كولتوری و زانستییه‌كان ده‌كات
964+
فەرهاد حەسەن
وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێم بانگەوازێکی بۆ هه‌ر كه‌س و ناوه‌ندێكی كولتوری و زانستی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان کرد، کە بە پێشنیاز و بۆچونەکانیان پڕۆژه‌ی سیاسه‌تی كولتوری لە هەرێمی کوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند بکەن و ئەوانیش چاوەڕێی كارابونی په‌رله‌مان دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بخرێتە بەرنامەکانی کارییەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی رۆشنیریی و لاوان، ئه‌مڕۆ یەکشەممە له چوارچێوه‌ی كاره‌كانی دووه‌م رۆژی یه‌كه‌م دیداری زانستیی “سیاسه‌تی كولتوری”، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان له وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، کە وه‌زاره‌تەکەی چاوه‌ڕوانی كارابونی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاسای سیاسه‌تی كولتوری له هه‌رێمی كوردستان بخاته كارنامه‌ی كارییه‌وه و وه‌ك یاسا په‌سندی بكات.
وتیشی “پڕۆژه‌كه هێشتا له قۆناغی داڕشتنه‌وه‌دایه و پێویستیی به را و شاره‌زایی و ئه‌زمون و پێشنیازی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی سیاسه‌تی كولتورییه له كوردستاندا بۆئه‌وه‌ی كامڵ بكرێت”.
بانگەوازێکیشی ئاڕاسته‌ی رۆشنبیر و نوسه‌ر و ئه‌كادیمییه‌كان و هەر كه‌س و ناوه‌ندێكی كولتوری و زانستیی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان کرد، بە پێشنیاز و بۆچونەکانیان پڕۆژەکە ده‌وڵه‌مه‌ند بکەن و ئاماژەی بەوەشکردووە کە لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندیان به داڕشتنی پڕۆژه‌کە له ئه‌ركدایه و هه‌ر پێشنیاز و راسپارده و بۆچونێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت بكرێت، ده‌خرێته به‌رده‌ست ئه‌و لیژنه‌یه.
دوێنێ شه‌ممه یه‌كه‌م دیداری زانستیی سیاسه‌تی كولتوری له شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد و ئه‌مڕۆ دووه‌م رۆژی كاره‌كانی بوو و بە وتارێكی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان كۆتایی پێهات و بڕیاروایه راسپارده‌كانی كۆنفڕانسه‌كه كاریان له‌سه‌ر بكرێت له پێناو گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ی سیاسه‌تی كولتوری له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.