بۆنی رەسەنایەتی و کوردایەتیان لێدێ

دنیادیدەیەک و پیرە دوکانێک تەمەنێک پێکەوە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

دنیادیدەیەک و پیرە دوکانێک لە بازاری دیانا تەمەنێکە پێکەون و ئاوێزانی یەکتر بوون، دوکانەکە لە ساڵی 1975 دروست کراوە و تاکو ئێستاش هەر وەک ئەو کاتە ماوەتەوە و دەستکاری نەکراوە.

لە دوکانەکەدا سەری مار و مێروو دەستدەکەوێ و تەنیا دوکانێکیش نییە، بەڵکو تونێلێکە بۆ رابردوو، کاتێک پێ دەنێیتە ژوورەوە، بۆنی ساڵانی حەفتاکان و بۆنی دار و تەختەی کۆن و لەگەڵ ئەوەشدا بۆنی رەسەنایەتی و کوردایەتی سەرخۆشت دەکات.

نیو سەدەیە، ئەم دنیادیدەیە یادگارییەکانی دەپارێزێت، 50 ساڵ لەمەوبەر ئەم دوکانە سەرچاوەی بژێوی و نانی ژیانی بوو، بەڵام ئەمڕۆ سەرچاوەی ئارامیی رۆحیەتی.

لێرە بازاڕ کردن بە زمانی پارە نییە، بەڵکو بە زمانی وەفایە، خاوەنەکەی لێرە دانیشتووە نەک بۆ ئەوەی قازانج بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی رێگە نەدات دەرگای بیرەوەرییەکان لەسەر شارەکەی دابخرێت.

عێزەت حەسەن، تەمەنی 80 ساڵە و نیو سەدەیە لەسەر کورسی ئەو دوکانەیە لە بازاڕی دیانا، ئەو بە 964ـی وت، “لە دوکانەکەم هەنگوین و بنێشتی کوردی و توتن و دار جگارە و گۆپاڵ و چەقۆ و شوشەی لەمپە و فانۆس و جەمەدانی و تەسبیح دەفرۆشم، هەرچەندە ئێستا کەس ئەو شتانە ناکڕێت، بەڵام ناتوانم دەستبەرداری دوکانەکەم ببم و دایبخەم”.

باسی لەوەشکرد، لە کۆندا ئەم دوکانە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بووە، لەپاڵ ئەو بابەتانەی ئێستا دەیانفرۆشێ، برنج و ساوار و گەنم و نۆک و فاسۆلیاشی دەفرۆشت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

پیاوە رەسەنەکەی باڵەکایەتی باسی جلوبەرگی دەکات

پیاوە رەسەنەکەی باڵەکایەتی باسی جلوبەرگی دەکات

نەمانی داری بەردەم دوکانێکی سۆران هەرای ناوەتەوە

نەمانی داری بەردەم دوکانێکی سۆران هەرای ناوەتەوە