هاتوچۆى هەولێر:

گرێبەستى ئەلیکترۆنى لەمەودوا دواى کاتژمێر 2ـى پاشنیوەڕۆ کارا دەکرێت

964+

وریا فەتاح

هاتوچۆى هەولێر، روونکردنەوەیەکى لەبارەى گرێبەستى ئەلیکترۆنى بڵاوکردەوە و دەڵێت: بۆ ئەوەى کڕیار و فرۆشیار تووشى کێشە نەبن، لەمەودوا لە دواى کاتژمێر 2ـى پاشنیوەڕۆ، مامەڵەکانیان رایى دەکرێت.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە،”وەک لای هەمووان ئاشکرایە ئەنجامدانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە کاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کارێکی باش بوو، بەڵام هەندێک کەس ئەم هەنگاوەیان قۆستەوە بۆ بەرژەوندی مادی خۆیان کە هەستان بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە بۆ کریار و فرۆشیاران لەناو کابینە یان ئۆتۆمبیل، کەسانێکیش چاو ساغی و دەڵاڵیان بۆ دەکردن کە هەم سیمایەکی ناشارستانی بو هەم ئیستغلالی هاوڵاتیان دەکرا”.

باس لەوەشکراوە، کەسانێکی ناشارەزا گرێبەستەکەیان ئەنجام دەدا کە زۆرترین هەڵەیان ئەنجام دەدا لە کاتی پرکردنەوەی گرێبەستەکە و لەئەنجامدا هاوڵاتی تووشی کێشە دەبوو. دەبوایە گرێبەستەکە هەڵبەوەشێنێتەوە دووبارە گرێبەستێکی تر ئەنجام بداتەوە کە کاتێکی زۆری بەفێڕو دەڕۆیشت و زیانی مادیشی پێدەگەیشت.

“بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بڕیاری داوە کە ئەم گرێبەستە لەدوای کاتژمێر 2ـى دوای نیوەڕۆ کارا بکرێت، ئەوەش بۆ رێگە گرتن لەو گرفتانەی روویان دەدا.

داواش دەکات، هاوڵاتیان گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە شوێنە تایبەتمەندەکان و لای کەسانی شارەزا ئەنجام بدەن.

لەماوەى رابردوودا، ژمارەیەک لە فرۆشیارانى ئۆتۆمبێل رەخنەى ئەوەیان لە بڕیارەکە هەبوو کە ناتوانن بەیەک رۆژ مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن، هەندێ جاریش بەهۆى ئەوەى خاوەنى ئۆتۆمبێل لە بەغدا و باشورى عێراقە، ناتوانرێت دوو رۆژ بۆ گرێبەستەکە بیانهێڵنەوە، ئەوە جگە لە تێچووى خواردن و مانەوەى لە هۆتێلەکان.

‎

‎"گرێبەستى ئەلیکترۆنى لە نێوان کڕیار و فرۆشیار تەنیا 60 رۆژ کارى پێدەکرێت"