بەشێوەیەکى کاتى چارەسەرکراوە
بەرهەمهێنانى غاز لە کۆرمۆر دەستیپێکردەوە
964+
وریا فەتاح
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، بەرهەمهێنانەوە لە کێڵگەى کۆرمۆر دەستپێکردەوە و لە ئێستادا جموجۆڵ لە کێڵگەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى تایبەت لە کێڵگەى کۆرمۆر، کاتژمێر 6:00 بۆ 7:00 خولەکى ئەم بەیانییە، بەرهەمهێنانەوەى غاز لە (کەى ئێم 400)، دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام تائێستا لە (کەى ئێم 250)، بەرهەمهێنان، دەستى پێنەکردووەتەوە.
بەهۆى ئەوەى خەزانى سەرەکى کێڵگەکە بە ئامانجگیراوە، بەوتەى سەرچاوەکە، ئەو خەزانە لە سیستم خراوەتە دەرەوە و بەرهەمەکانیان لە غازى ئێڵ پیجى و غازى شل، دەخەنە ناو تەنکەرەکانى گواستنەوە.
روونیشى کردەوە، لە ئێستادا جموجۆڵ لە کێڵگەکە ئاساییەوە و ئەوەى بەرهەمدەهێندرێت دەخرێتە ناو تەنکەرەکان.
ئەم بەیانییە دەنگى ئەلەرم لە کێڵگەکە بیسترا
لە کێڵگەکە سیستمێک هەیە کە هەرکاتێک درۆن یان هێرشێک بەرەو ئاسمانى کێڵگەکە بێت، ئەلەرم (زەنگى ئاگادارکردنەوە) لێدەدات، ئەم بەیانییەش زەنگەکە لێیداوە، بەڵام بەوتەى سەرچاوەکە ئەمەیان تەنیا تێستە و هەموو یەک شەممەیەک لە کاتژمێر 6ـى بەیانى لێ دەدات و پەیوەست نییە بە مەترسى هێرش و بوونى درۆن.
شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەى هەفتەى رابردوو، لە کاتژمێر 11:27 خولەکى شەو، هێرشکرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر و خەزانى سەرەکى هەڵگرتنى غاز بە ئامانجگیرا و تەقێندرایەوە.