دیمەنی مۆلیدەیەکی ئەهلی کە لە گەڕەکەکاندا بۆ پێدانی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرێت _ وێنە:964
بڕیارى لێدەدرێت
تائێستا دیارنییە پارەى مۆلیدە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت یان پڕۆژەى رووناکى
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لەچوارچێوەی دەستپێكردنەوەی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی، لەكۆبونەوەیەكی چوارقۆڵیدا بڕیاری ئیشپێكردنەوەیان درا و دیاریش نییە چۆن پارەی پێدانی كارەبا وەردەگرنەوە.
لەكۆبونەوەكە هەریەك لە جێگری پارێزگار و قایمقامی سلێمانی، بەڕێوەبەری كارەبا و سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكان بەشدار بوون، بڕیاردراوە بەهەرجۆرێك بێت سلێمانی روناكبكرێتەوە.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی، عوسمان محەمەد سەرۆكی كۆمەڵەكە بە 964ی وت،”لەكۆبونەوەكەدا بڕیاری كارپێكردنی مۆلیدەكانیان دراوە، بەڵام چاوەڕێی داهاتوو دەكەین و نازانین چی روودەدات و كەی كارەبای نیشتیمانیی دەگەڕێتەوە، بۆیە جارێ هیچ شتێك سەبارەت بەوەرگرتنی مافی كارپێكردنمان دیار نییە”.
وەك خۆی باسی دەكات، سەرەتا هەوڵدەدرێت لە رێگەی وەزارەتی كارەبا و پڕۆژەی روناكییەوە مافی مۆلیدەكانیان بدرێت، بەڵام ئەگەر ئەو لێكتێگەیشتنە روینەدا، ئەوا وەكو جاران بڕی پێدانی كاتژمێری كارپێكردنمان دیاریدەكەین و دابەشی دەكەین بەسەر خەڵكیدا و وەكو پێشوو پارەكە كۆدەكەینەوە.
لە ناو شاری سلێمانی 571 مۆلیدەی ئەهلی هەیە، ئەمشەو بەشێكی زۆری دەستیان بەئیشكردن كردووەتەوە، بەڵام نزیكەی 150 مۆلیدە بەهۆی نەبوونی گاز و گرفتی مۆلیدەكەیانەوە كاریان بە مۆلیدەكەیان نەكردووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح