رێز لە پیرۆزی ژیانی هاوڵاتیان بگرن

مەترانەکانی هەولێر: ئەوەی کراوە دەستدرێژییە بۆ سەر خێرو بێرو کەرامەتی هاوڵاتییان

964+

ژووری هەواڵ

مەترانەکانی هەولێر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردووە دژی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆرو دەڵێن: بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە، دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر خێروبێر و کەرامەتی هاوڵاتیان … داوا لە دەسەڵاتەکانی فیدراڵ و هەرێم دەکەین کە پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان بەهێزتر بکەن، تاوانباران ئاشکرا بکەن و پەلە بکەن لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ خەڵک. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە پیرۆزی ژیانی هاوڵاتیان بگرن و سەرچاوەکانی وڵات نەکەن بە گۆڕەپانی ململانێ.

ئەمە دەقی بەیاننامەکەیانە وەک خۆی:

بەیاننامەی ئیدانەکردن لەلایەن مەترانەکانی هەولێرەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر
ئێمە وەک مەترانەکانی هەولێر، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، و ئەو بڕانە فراوانەی کارەبا کە بەهۆیەوە دروست بوو لەم سەرما سەختەدا، کە کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵک و پەکخستنی قوتابخانەکان و شێواندنی کاری نەخۆشخانەکان و دامەزراوە گرنگەکانی تر. لەم رۆژانەدا هەستمان بە مەینەتی خێزانەکان کردووە، بەتایبەتی نەخۆشەکان و بەساڵاچووان و ئەو قوتابیانەی کە ئامادەکاری دەکەن بۆ تاقیکردنەوە وەرزەکانیان و پێویستیان بە سەقامگیری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانە.
بە نۆرەی خۆمان بەرز دەنرخێنین هەوڵە گەورەکانی تیمە تەکنیکییەکان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە بە پەلە ئاگرەکەیان کوژاندەوە، هەروەها هەموو ئەو تیمە پسپۆڕانەی کە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ خستنەوەگەڕی وێستگەکە و دەستپێکردنەوەی ناردنی غاز، کە ئەمەش کاریگەرییەکانی رووداوەکەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان کەمکردەوە.
بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە، دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر خێروبێر و کەرامەتی هاوڵاتیان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێم و عێراق دەخاتە مەترسییەوە. هاوسۆزی قوڵی خۆمان بۆ هەموو زیانلێکەوتووان دەردەبڕین، و نزا دەکەین بۆ ئەوانەی رووبەڕووی ئەم بارودۆخە سەختە دەبنەوە.
داوا لە دەسەڵاتەکانی فیدراڵ و هەرێم دەکەین کە پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان بەهێزتر بکەن، تاوانباران ئاشکرا بکەن و پەلە بکەن لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ خەڵک. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە پیرۆزی ژیانی هاوڵاتیان بگرن و سەرچاوەکانی وڵات نەکەن بە گۆڕەپانی ململانێ.
نزاکانمان بەرز دەکەینەوە بۆ ئاشتی و ئاسایش لە کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە جیاتی توندوتیژی زاڵ بێت، و مافی هەر مرۆڤێک بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئارام مسۆگەر بکرێت.
مەتران بەشار مەتتی وەرده
سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیپارشیەی هەولێری کلدانی

مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتتی شەرەف
سەرۆکی تایفەی سریانی ئەرسەدۆکس – موسڵ و کەرکوک و هەرێمی کوردستان

مەتران نسنائیل نزار سەمعان
سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیپارشیەی حەدیاب بۆ سریانی کاسۆلیک

مەترانەکانی هەولێر: ئەوەی کراوە دەستدرێژییە بۆ سەر خێرو بێرو کەرامەتی هاوڵاتییان