کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە: ئاژانسەکان
کارەبا باش دەبێتەوە
هەناردەكردنی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەستیپێكردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیای فەرمیی حكومەتی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە هەناردەكردنی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردەوە “کێڵگەکە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنان و پەمپکردنی غاز بە شێوەیەكی ئەزموونی، دوای ئەوەی وێستگەکانی کارەبا غازیان بۆ دابینکرا، وردە وردە کارەبا دەگەڕێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەڕێوەبەرایەتیی کێڵگەکە پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە بۆ توانای تەواو”.
كێڵگەی كۆرمۆر شەوی چوارشەممەی رابردوو هێرشی كرایەسەر و زیانی زۆری پێگەیاندرا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی كارەبا لە كوردستان و بەشێكی عێراق.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە هێرشی مەیدانی کۆرمۆری پێسپێردراوە، دوێنێ گەیشتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی دەوروبەری هێرشەکان و هێشتا هیچ رانەگەیاندراوە.