شارەوانیش دەڵێت "بازاڕ رێکدەخەینەوە"
کاسبکارانی سەیدسادق داوا لە شارەوانی دەکەن وازیان لێبێنێت لەناو بازاڕ کاسبی خۆیان بکەن
964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق
بەشێک لە کاسبکارانی سەیدسادق گلەیان لەشارەوانی قەزاکە هەیە، رێگریان لێدەکرێت زوو بێنە ناوبازاڕ و لەڕێگەی عارەبانەکانیانەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن بەڵام شارەوانی دەڵێت بازاڕەکە رێکدەخەنەوە.
بەختەوەر عیرفان، کاسبکارێکی قەزای سەیدسادقە، بۆ 964 ئەوەی وت، پسکیت و خواردەمەنى وشکە لەسەر عارەبانەکەى دەفرۆشێت، شارەوانی پێیوتون نابێت لەپێش کاتژمێر ٤:٣٠ خولوکی ئێوارە لەناوبازاڕ عارەبانەکانیان بوەستێنن.
مەریوان داراش، کاسبکارێکی دیکەی سەیدسادقە و خاون پێداویستی تایبەتە، بە964 وت “بژێوی ژیانم لەسەر ئەم کارەیە و شارەوانی رێگریمان لێدەکات کە کار و کاسبی خۆمان بکەین، رۆژانە دوو بۆ سێ هەزار دینارم دەستدەکەوێت ، چونکە لەدوای کاتژمێر چواری ئێوارە رێگەمان پێئەدرێ کاسپی بکەین ئەوکاتەش خەڵک لەبازاڕ نامێنێ”.
لایخۆشییەوە زمناکۆ ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق، بۆ 964 وت “ئێمە ئاگادارین لە کێشەی ئەو کاسبکارانەی ناو بازاڕ کێشەکەیان کۆنە ئێستاش دەمانەوێت بازاڕەکە رێکبخەینەوە”.
باس لەوەدەکات، لە ماوەی رابردوودا زەوی تایبەت بەسەر کاسابکارانی ناو بازاڕ دابەشکراوە بەشێک لەو کاسبکارانە زەویەکانیان فرۆشتوەتەوە ئەمەش نایاساییە و جگە لەوەش خۆیان لەسەر شەقامەکان دەوەستن ئەمەش بوەتە هۆکاری جەنجاڵی و ناڕێک و پێکی ناو بازاڕ .
دەشڵێت “لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەست بە رێکخستنەوەی ناو بازاڕ دەکەین و ئەو کەسانەش سزا دەدەین کە کڕین و فرۆشتنیان بە شوێنەکانیانەوە کردووە و مافی بەشێکی تری کاسبکارانیان خواردووە .”
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن