بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی کۆرمۆر
ژووری ئەمنی و هەواڵگیری پێکهێنرا و دانا غاز پاراستنی کارمەندەکانی دەوێ
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کۆبوونەوەکەی کۆرمۆر بڕیاردراوە، ژوورێکی هاوبەشی ئەمنی و هەواڵگیریی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی، پارێزگای سلێمانی، کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێک بهێنرێ.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 28.11.2025 عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق گەیشتنە فرۆکەخانەی کەرکوک و پاشان بە ئۆتۆمبێل سەردانی دووزخورماتویان کرد.
لەوێوە بەڕێکەوتن بۆ ناحیەی قادر کەرەم و کێڵگەی غازی کۆرمۆر و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازی کردن و پاشان دەست بەکۆبونەوە کرا، تا بڕیار و رێکاریان لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر رابگەیەنن.
سەرچاوەیەک تایبەت و ئاگادار لە کۆبونەوەکە لە
کۆرمۆرەوە بە 964ـی وت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ژوورێکی هاوبەش پێک بهێنرێت لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، سلێمانی، دیالە و سەڵاحەدین کاری ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنە ئەوەیە هێزێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تایبەت بە پاراستی کێڵگەی کۆرمۆر پێکبهێنرێت.
هەروەها، ژوورێکی هەواڵگری هاوبەش پێک دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی ئەمنی و پاراستنی ئەو کێڵگایە دەکەوێتە ئەستۆیان.
سەرچاوەکە باسی لەوەکرد، لەکۆبونەوەکە نوێنەری کۆمپانیای دانا غاز داوای کردوە پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیان بپارێزن بە رێژەی لەسەدا سەد پاشان دەست بەکار دەکەنەوە.
سەرچاوەکە وتیشی بڕیارە دوای 72 کاتژمێر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە، لەلایەن سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان عێراق رابگەینرێت.
بەگوێرەی سۆراغی 964، ئەگەر هەیە شاندەکە لە کۆرمۆر، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆببنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا