پشتگیری لیژنەکەیە

چوارچێوەی هەماهەنگی هێرشەکەی کۆرمۆری ئیدانە کرد

964+

ئەحمەد مستەفا

“چوارچێوەی هەماهەنگی بە توندی سەرکۆنەی ئەو بەئامانجگرتنە غەدرکارانەیە دەکات کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری گرتەوە”، ئەم رای لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراقە کە لە راگەیەندراوێکدا خستیانەڕوو.

راگەیەنراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە 964 بینوویەتی ئاماژە بەوەشکراوە، “دەستدرێژی بۆ سەر دامەزراوە نیشتمانییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئابووری و سەقامگیریی عێراق، و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات جگە لەوانەی دەیانەوێت دەوڵەت لاواز بکەن و ڕەوتی گەشەپێدان پەک بخەن”.

ئەوان پشتگیری پێکهێنانی لیژنە دەکەن و ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە چوارچێوە پشتیوانی لەو لیژنەیە دەکات کە لەلایەن سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە، و ئاشکراکردنی لایەنە تێوەگلاوەکان.

داواشی کردووە، “بۆ  گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بۆ دەرخستنی راستییەکان و مسۆگەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە؛ بەهۆی ئەوەی ئەم دامەزراوانە گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە بۆ ئابووریی نیشتمانی”.

بەپێی راگەیەنراوەکە، چوارچێوە جەختی کردەوە لەسەر “پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەستدرێژییە وەک هەڕەشەیەکی نیشتمانی و نابێت بە سیاسی بکرێت و بۆ مەرامی لایەنێک بەکار بهێنرێت”، و دەشڵێ، “کە پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە و پێویستی بە یەکێتیی هەڵوێست و یەکڕیزی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری”.

"هێرشەکەی سەر کۆرمۆر هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و سەلامەتی گەلەکەی دەکات"