“پارەکەی دیاری دەکرێ”

لە رانیە داوا لە خاوەن موەلیدەکان کرا لەم بێ کارەباییەدا فریادڕەس بن

964+
ئەحمەد مستەفا

هێرشەکەی کۆرمۆر رانیە و دەوربەریشی تاریک کردووە و خەڵک کارەبایان نییە، قایمقامیەتی رانیە لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان کۆبوونەوە و داوایان کردووە لەم دۆخەدا کە کارەبا نییە، ئەوان هاوکاری خەڵک بن.

لە درەنگانی شەوی رابردوەوە، هەرێمی کوردستان سەدا 80ی کارەباکەی کە لە غاز بەرهەم دەهێنێ بەهۆی هێرشەوە لەدەستدا، دواتر ناوچە بەناوچە کوژانەوە لە سیستمی کارەبا روویدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، خاوەن موەلیدەکان چوون بۆ قایمقامیەتی رانیە، بە گوێرەی راگەیەندراوی قایمقامیەت، پێیان وتراوە، لە پێدانی رێنمایی و شێوازی پارەدان لە داهاتوودا هاوکار دەبن، بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا درووست بووە بەهەموو لایەکیان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.

سەبارەت بە کارپێنەکردنی موەلیدە ئەهلییەکان قایمقامیەت دەڵێ، لە سەنتەری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و هەموو ئیدارە سەربەخۆکان پڕۆژەی ڕووناکی کەوتۆتە کار و گرێبەستی موەلیدەکان هەڵوەشاوەتەوە.

ئەوان خۆیان بێبەری دەکەن، لەوەی دەسەڵاتیان بەسەر گرێبەستەکان هەبێ و باس لەوەدەکەن، بابەتی گرێبەست لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لەدەسەڵاتی ئەواندا نیە و بابەتێکی مەرکەزیە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە گرێبەست لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان ئەنجام بدات.

دەقی روونکردنەوە:

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە کارنەکردنی مۆلیدە ئەهلیەکان

سەبارەت بە کارپێنەکردنی مۆلیدەی ئەهلی دیارە لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە
هەموو سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکان پڕۆژەی ڕووناکی کەوتۆتە کار و گرێبەستی مۆلیدەکان هەڵوەشاوەتەوە و بابەتی گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە و بابەتێکی مەرکەزیە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکیەوە گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان
ئەنجام بدات..
ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری مۆلیدە ئەهڵیەکان کۆبوینەتەوە بۆئەوەی لەم بارودۆخەدا هاوکاری هاوڵاتیان بن وە ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار لەساڵانی ڕابردوودا چاودێر و هاوکاربووین بۆ کارکردنیان لە داهاتووشدا وەک ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەرن و قائمقامیەت هاوکار دەبین لە پێدانی ڕێنمایی و شێوازی پارەدان لە داهاتوودا بۆئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا درووست بووە بەهەموو لایەکمان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا لەم دۆخەدا ڕەچاوی دۆخی هاوڵاتیان بکرێت و چی لە دەسەڵاتی ئیدارەی ناوچەکەدا بێت ئێمەش هاوکار و پاڵپشت و هاوکاریان دەبین .
ڕاگەیاندنی قائمقامیەتی قەزای ڕانیە