" بەدیلی كارەبای رەئیسی هەر مۆلیدەیە "
مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی: دەرگای حیوارمان دانەخستووە
964+
دیلان محەمەدجەزا
جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی دەڵێت، تا ئێستا لە وەزارەتی كارەباوە پەیوەندییان پێوەنەكراوە بۆ هەڵكردنی مۆلیدەكان و دابینكردنی كارەبا، بەڵام دەڵێت “ئێمەش پەیوەندیمان نەكردووە”.
بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و پچڕان و كەمبوونەوەی كارەبا لە كوردستان، خەریكە خەڵك و حكومەت روو لە مۆلیدە ئەهلییەكان بكەنەوە بۆ دابینكردنی كارەبا.
964 لەگەڵ ئارام رەحیم جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.11.2025 قسەی كرد و ئەویش دەڵێت، ناكرێ بۆ دوو رۆژ مۆلیدە هەڵبكەین و دواتر هیچ نەبێت و بڵێن كارەبا كێشەی نییە، بۆیە ئەمە پێویستی بە گفتوگۆ و رێككەوتنە لەگەڵ وەزارەتی كارەبای كوردستان.
وتیشی، “لە وەزارەتی كارەباوە هیچ پەیوەندییەكمان پێنەكراوە و ئێمەش پەیوەندیمان پێوەنەكردوون، ئێمە چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی كارەباین”
ئارام رەحیم دەڵێت، بەدیلی كارەبای رەئیسی هەر مۆلیدەیە، لەگەڵ كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی شارەكانی دیكەش پەیوەندییان هەیە و بەرنامەیان هەیە بۆ كاركردن و دابینكردنی كارەبا، بەڵام هێشتا هیچ شتێكی فەرمی لەئارادانییە و چاوەڕێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا