ڤیدیۆ کۆنفڕانسی خستەکار
دادگای سلێمانی چارەسەری گواستنەوەی تۆمەتبارانی کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
دادگای سلێمانی، لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 26.11.2025، سیستمی ڤیدیۆکۆنفڕانسی بۆ پڕۆسەی دادگایکردن خستەکار، “تۆمەتباران هەر لە شوێنی مانەوەیان لە دادگایکردنەکەدا بەشداری پێ دەکرێن”.
“خزمەتگوزارییە ئاسانكاری زیاترە بۆ كاری دادگا سزاییەكان و دابینکرنی ئارامییەکی زیاتر بۆ تۆمەتباران و پاراستنی سەلامەتییان و کارئاسانیەکی زۆرە بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و هاتوچۆی تۆمەتبارانە كە هەر لەشوێنی مانەوەی خۆیان لەرێگەی سیستمێکی تایبەتەوە بە دەنگ و رەنگ و لە رێگەی شاشەوە پرۆسەی دادگاییکردنیان بەڕێوەدەبرێ”.
ئەوە قسەی دادگای سلێمانی و باسی ئەوەدەکات، “لەمیانی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریەکانی سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و پاش ئەوەی لە رابردوودا بە سەرکەوتوویی قۆناغی یەکەمی تاقیکرایەوە”.
دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە گوێرەی راگەیەندراوی دادگاکە بێت، سەرپەرشتی کاراکردنی یەكێكی تر لە خزمەتگوزارییەكانی سیستمی ئەلكترۆنی دادگای کردووە، کە ئەویش سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانسە بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران، كە بەشێوەیەکی پراکتیکی لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی خرایەكار.
دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی یەکەمین دادگابووە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ئەو سیستمەی تاقیکردەوە و ئەمڕۆش لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی منداڵان و ژنان بەمەبەستی دادگایی كردنی تۆمەتبارانی نەوجەوان بەشێوەیەکی فەرمی کارا کرا.
وێنەکان؛ دادگای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە و کاراکردنی سیستمەکە نیشان دەدات
